رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تەورێز رایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئەمریکاوە ئەفسەرێکی سوپاکە کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی تەممووزی 2026، مەجید فەرشی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تەورێز رایگەیاند: "بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند خاڵیک لە شاری تەورێز و بەو هۆیەوە ئەفسەرێکی سوپای ئێران کوژرا."
بەگوتەی موجید فەرشی، لە هێرشەکە مێهداد پاشایی فەرد، ئەفسەر لە سیستەمی بەرگری تەورێز کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
نۆ رۆژە لەسەر یەک، سوپای ئەمریکا بە چڕی دەستی بە بۆردوومانەکانی سەر ئێران کردووەتەوە. بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، دوایین هێرشەکانی ئەمریکا حەوت پارێزگای گرتووەتەوە، کە بریتین لە پارێزگاکانی خوزستان، بووشەهر، هورمزگان، سیستان و بەلووچستان، تەورێز و هەردوو پارێزگای لوڕستان و ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستانن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سێنتکۆم، لە نۆیەمین شەوی هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران، چەندین ئامانجی جیاواز، لەوانەش "سەنتەرەکانی فەرماندەیی سەربازیی ئێران، وێستگەکانی بەرگریی ئاسمانی و چاودێریی کەناراوەکان، تواناکانی دەریایی، سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، لەگەڵ تۆڕەکانی پەیوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە" بۆردوومان کراون.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەی ئەمریکا، ئێران بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی وڵاتانی کەنداو.
.jpg&w=3840&q=75)



