رووداو دیجیتاڵ
11 شەوی لەسەریەکە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ناوچە ستراتیژی و سەربازییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. بەرەبایەنی ئەمڕۆ چوارشەممە 22-07-2026 دەنگی تەقینەوەی بەهێز لانیکەم لە 20 شار بیستراوە.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، چەندین جار سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە تارانی پایتەختی وڵاتەکە کارا کراوە و بەرەوڕووی چەند تەنێکی ''نامۆی هێرشبەر'' بووەتەوە.
میدیای ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە، لە شاری قودس، ئەفسەرییە، شەقامی پیرووزی، ناوچەکانی 15 و چواری تاران سیستمی بەرگریی ئاسمانی کارا کراوە و لە مووشیرییەش دەنگی لانیکەم شەش تەقینەوە بیستراوە.
هاوکات وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان لە باشووری ئێران پشتڕاستی کردەوە، بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر شاری بێهبەهان و چەند ناوچەیەک لە ئومێدییەی سەر بە پارێزگاکە.
لە ماهشەهری سەر بە پارێزگای خوزستانیش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە و میدیای فەرمیش پشتڕاستی کردووەتەوە، دەنگی تەقینەوەکان لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی ئەمریکادا بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر قەبارەی زیانەکان بڵاو نەکراوەتەوە.
نزیک کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان، ئەنجوومەنی پارێزگای هورمزگان لە راگەیێندراوێکدا هێرشی دووبارەی ئەمریکای بۆ سەر سیریکی سەر بە پارێزگاکە پشتڕاست کردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای بەدواداچوونی ورد، ژمارەی برینداران، کوژراوان و قەبارەی زیانەکانی هێرشەکە دەخرێتە بەردەم رای گشتی.
بەندەر عەباسی ناوەندی پارێزگای هورمزگان یەکێک لەو شارانەیە کە زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر. میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردووتەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم دەنگی هەشت تەقینەوەی بەهێز لە بەندەر عەباسیش بیستراوە.
چەندین ناوچەش لە پارێزگای بووشێهری باشووری ئێران بۆردوومان کراون. محەممەد موزەفەری، قایمقامی ناوەندی پارێزگاکە رایگەیاند، دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و بەدواداچوون بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانیان بەردەوامە.
عەلیڕەزا شەهرەکی، جیگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان پشتڕاستی کردەوە، هێرش کراوەتە سەر چابەهار و کونارەکی سەر بە پارێزگاکە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەی برینداران یان کوژراوان بڵاو نەکراوەتەوە.
جارێکی دیکە چەند ناوچەیەک لە تەورێزیش بۆردوومان کران و دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیسترا. بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگاکە بڵاوی کردووەتەوە، هێرش کراوەتە سەر ناوچەیەکی سەربازی لە دەوروبەری ناوەندی تەورێز و هۆکاری بیستنی دەنگەکان هێرشی مووشەکی بووە.
هاوکات حەسەن رەزانیا، جێگری پارێزگاری هەمەدان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چەند ناوچەیەک لە شاری کەبودەرئاهەنگی سەر بە پارێزگاکە بۆردوومان کراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر کۆگەی تەقەمەنی و بنکەی سەربازیی ئاسمانیی نۆژە بووە، کە پێشتریش چەندین جار هێرشی کراوەتە سەر.
پڕیشکی ئاگری هێرشەکان گەیشتە پارێزگای زەنجانیش و لە شارەکانی خوڕەمدەڕە و ئەبهەر، دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیسترا.
میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە کە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر چەند خاڵێک لە خوڕەمدەڕە و ئەبهەر، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنی حکومی بە فەرمی هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.
هێرشەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان:
هاوکات لە کەنگاوەری سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا. میدیای ئێران پشتڕاستی کردەوە هێرش کراوەتە سەر شاری چەواری پارێزگاکەش.
بەهزاد نوورمحەممەدی، قایمقامی ئاودانان رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکەی ئەمریکا بۆ سەر زنجیرە چیای دینارکۆ بووە.
بەهزاد نوورمحەممەدی ئەوەشی خستەڕوو، هێرشەکە هیچ زیانیكی گیانی نەبووە.
بەگوتەی قایمقامی ئاودانان، لە هێرشەکەی سەر شاری چواریشدا ئاگر لە پووش و پاوان کەوتووەتەوە کە دواتر لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کراوە.
میدیای ئێران پشتڕاستی کردەوە لە درێژەی هێرشەکانی ئەمریکادا، چەند خاڵێک لە شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنەش کراونەتە ئامانج.
هەروەها لە کەنگاوەری سەر بە پارێزگای کرماشانیش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا. بەگوێرەی دانیشتووانی ناوچەکە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، دەنگی تەقینەوەکان ئەوەندە بەهێز بووە کە لە شارەکانی دەوروبەریش هەستی پێکراوە.
میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە، ئەمریکا بە مووشەک هێرشی کردووەتەوە سەر شارەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر قەبارەی زیانەکان بڵاو نەکراوەتەوە.
ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوەندی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز لە شارەکە بیستراوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانیش کارا کراوە.
11 شەوە ئەمریکا دەستی بە بۆردوومانی ئێران کردووەتەوە و لە 48 کاژێری رابردووشدا، هێرشەکان لە باشوور و نێوەڕاست، بەرەوە ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە فراوان بوون.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.



