رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی (ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری)، سزای بەسەر پاشماوەی تۆڕی (کەشتیگەلی سێبەر)ی ئێراندا سەپاند؛ تۆڕێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە دەسەڵاتدارانی تاران بۆ گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بە بەهای ملیاران دۆلار بۆ بازاڕەکانی دەرەوە پشتیان پێدەبەست.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ زۆربەی تۆڕی کەشتیگەلە سێبەرە ماوەکانی ئێران پەکدەخات.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی: " گەنجینەی ئەمریکا ئەو پارەیە لە دەسەڵاتی تاران دەبڕێت کە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لە ناوچەکەدا بەکاری دەهێنێت و بەردەوام دەبین لە ئاشکراکردنی ئەوانەی یارمەتیی فرۆشتنی نەوتی ئێران دەدەن؛ هەر لایەنێک کە یارمەتیی ئێران دەدات بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، لە دەسەڵاتەکانی وەزارەتی گەنجینە پارێزراو نابێت."
بەپێی راگەیێندراوەکەی گەنجینەی ئەمریکا، بەهۆی سەرکەوتنی گەمارۆ سەربازییەکەی ئەمریکا، کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران لە دەرەوەی هێڵی گەمارۆکە و چڕبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکان لە رێگەی (ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری)، هیچ بژارەیەک لەبەردەم تاراندا نەماوەتەوە بۆ رزگارکردنی ئابوورییە داڕماوەکەی.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەتوسامانی بیانی ئەمریکا (OFAC) رێکاری تووندی گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەو کەشتییانەی کەشتیگەلی سێبەر کە بەردەوامن لە گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان.
گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئەو کەشتییانە لە زیاتر لە 12 وڵات و ناوچەی جیاوازدا تۆمار کراون و لەلایەن تۆڕێکی ئاڵۆزی کۆمپانیا ساختە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ شاردنەوەی سەرپێچییەکانیان.
وەزارەتی گەنجینە روونیکردەوە، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم تۆڕە دەریاییە و ئەو کۆمپانیایانەی لە پشتیانەوەن، ئەو رێگە سەرەکییانە دەپچڕێنێت کە دەسەڵاتی ئێران پشتی پێدەبەستن بۆ دەربازبوون لە سزاکان، بەردەوامیدان بە کەرتی پترۆکیمیایی و دابینکردنی دارایی بۆ ئەو لایەنانەی ناسەقامگیری دروستدەکەن؛ هەروەها جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبێ لە چاودێریکردن و پەکخستنی هەر هەوڵێکی نوێ بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان.
سەپاندنی ئەم سزایانە بەپێی فەرمانی جێبەجێکردنی ژمارە 13902ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کراوە، کە کەرتی نەوت و کەرتە سەرەکییەکانی دیکەی ئابووریی ئێران دەکاتە ئامانج.


