رووداو دیجیتاڵ
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی دۆسیە لەپێشینەکان و هاوئاهەنگیی هاوبەشیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوەکەی بە "نوێ و بەرهەمدار" وەسف کرد و لە ئێکس بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی سووریا و ناوچەکە، لەگەڵ تۆم باراک کۆبووەتەوە و بیروڕایان سەبارەت بە چەند پرسێکی لەپێشینە و میکانیزمی هەنگاونان بەرەو پێشەوە ئاڵۆگۆڕ کردووە.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەستخۆشی لە رۆڵی دیمەشق کرد و لە ئێکس بڵاویکردەوە، "سووریا پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە مەتەڵی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (شێوەی یاریی رووبیک) و هاوکارە لە دۆزینەوەی نەخشەڕێگە و هاوکێشەیەک بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە دراوسێیەتیی خۆیدا."
نێردەی ئەمریکا خۆشحاڵیی بە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا دەربڕی بە مەبەستی تاوتوێکردنی کارە لەپێشینە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە هەرێمییەکان و گوتی: "مێژوو بە دەگمەن دەرفەت بە ناوچەیەک دەبەخشێت بۆ رێکخستنەوەی پارچەکانی خۆی، بەڵام ئێستا ئەو دەرفەتە هاتووەتە پێشەوە."
ئەم دیدارە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی ململانێ سەربازییەکان، پەرەسەندنی جەنگی یەمەن و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان رووبەڕووی قۆناخێکی هەستیار بووەتەوە و هەوڵە دیپلۆماسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگییەکی نوێ لە ناوچەکەدا چڕکراونەتەوە.


