رووداو دیجیتاڵ
هێزی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن، کە خۆی بە هێزی شەرعی یەمەن دەناسێنێ، رایگەیاند لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا بە ناوی "بەرەبەیانی یەمەن" زیاتر لە 900 چەکداری ئەو گرووپە کوژراون. حووسییەکانیش رایانگەیاند بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر سعودیە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکە، کە شەوی یەکشەممە 11-10-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، هاوکات لەگەڵ پێشڕەویی هێزە پیادەکان لە میحوەرە جیاوازەکاندا، هەزار و 732 ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی ورد بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، تۆپخانەی مەیدانی و مووشەکهاوێژ دژی چەکدارانی حووسی کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بۆردوومان و هێرشەکان بە شێوەیەکی چڕ پێگە سەربازییەکانی حووسییەکانیان پێکاوە، لەوانە: سەنگەر و هێڵەکانی بەرگری، بنکە و سەنتەرەکانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ، خاڵەکانی چاودێری و هەواڵگری، کۆگاکانی چەک، تەقەمەنی و شوێنی مووشەکهاوێژەکان، هێڵەکانی گواستنەوە، لۆجستی و ئامانجە گرنگەکان لە قووڵایی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا.
بەپێی ئاماری فەرمیی راگەیێندراوەکە، لە ئەنجامی ئەو لێدانە چڕانە زیاتر لە 900 چەکداری حووسی کوژراون؛ هاوکات زیاتر لە 287 ئۆتۆمبێل، زرێپۆش و کەرەستەی سەربازی بە تەواوی تێکشکێنراون و لەکارخراون.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حووسییەکان راگەیێندراوێکی تووندیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد سعودیە لە ماوەی 24 کاژێردا 124 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سەنعا، تەعیز، مەئریب، جەوف، حەجە، حودەیدە و سەعدە، بەوەش کۆی هێرشەکانی بۆ سەر یەمەن گەیشتووەتە 2,058 هێرش.
حووسییەکان رایانگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک لە 24 کاژێری رابردوودا بە مووشەکی بالیستی، کرووز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چوار ئۆپەراسیۆنی کاریگەریان لە قووڵایی خاکی سعوودیە کردووە، ئەوانیش:
فڕۆکەخانەی شا خالید لە ریاز: لە سێ قۆناخدا کراوەتە ئامانج و بە گوتەی ئەوان فڕین تێیدا پەکخراوە و بە تەواوی داخراوە.
وێستگەی گازی شەقدەم: سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی سعودیە کە ئاگری گەورەی لێکەوتووەتەوە.
کۆمەڵگەی نەوتیی تەناجیب: وێستگەیەکی دیکەی کۆمپانیای ئارامکۆیە لە رۆژهەڵاتی سعودیە کراوەتە ئامانج و ئاگری گرتووە.
فڕۆکەخانەی شا فەهد لە دەمام: بە مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج و گەشتە ئاسمانییەکانی پەکخستووە.
هەروەها حوسییەکان دەڵێن بە شەش مووشەکی بالیستی و دوو درۆن، کۆبوونەوەیەکی هێزەکانی سعودیەیان لە ناوچەی "رەئس ئەلعارە و سەقیا" کردووەتە ئامانج و دەیان کەسیان لێ کوشتوون و بریندار کردوون.
حووسییەکان هۆشداریی تووندیان داوەتە سەرجەم کۆمپانیا جیهانییەکان، فەرمانبەران و گەشتیاران لە سەرانسەری جیهان کە گەشت بەرەو فڕۆکەخانەکانی سعودیە نەکەن، چونكە "ئاسمانی ئەو وڵاتە نائارامە"، هاوکات تەنیا ئاسمانی ناوچە پیرۆزەکانی (مەککە و مەدینە)ـی لەو هەڕەشانە بەدەر کردووە و جەختیشی کردووەتەوە لەسەر بەردەوامبوونی هێرشەکانیان بەپێی هاوکێشەی "گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ و پەرەسەندن بەرامبەر پەرەسەندن."


