رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەڵێ، کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە کاتێکدای هەوڵی دەدا بە رێڕۆیەکی "نایاسایی"دا بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێ، لە نزیک بەندەری خەسەبی عومان بەر مینی دەریایی کەوت و ئاگری گرت.
ئەمڕۆ هەینی 20-11-2026، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە سنوورە ئاوییەکانی نزیک عومان کرد.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوەکەیدا هۆشداری دەدات و دەڵێ، جووڵەی هەر کەشتییەکی "سەرپێچیکار" لە تەنگەی هورمز "لە چاوی ئێمە ون نابێت."
ئەم راگەیێندراوەی ئێران کەمێک دوای ئەوە هات کە دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە دووری هەشت میلی دەریایی (نزیکەی 15 کیلۆمەتر) لە باکووری بەندەری خەسەبی عومان کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە گڕی گرتووە.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕۆ ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و وزە کە دەکەوێتە نێوان ئێران و عومان.
لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن واشنتنەوە بەسەر بەندەرەکانی ئێران، دۆخی ئەمنیی ئەو رێڕۆ ئاوییە ئاڵۆز بووە و چەندین جار رووداوی ئەمنی و هەڕەشەی تێدا تۆمار کراوە.



