رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر چوار هاووڵاتیی ئێرانیدا سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی وەک نێوەندگیر کاریان کردووە بۆ کۆکردنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە دەرەوەی وڵات، بە مەبەستی یارمەتیدانی تاران بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی واشنتن.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەو چوار کەسە بریتین لە موجتەبا عەرەبنەژاد، محەممەد جەواد باوەند، محەممەد حوسێن سەروەتی و مەجید تاج.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، موجتەبا عەرەبنەژاد بەهۆی پەیوەندییەکانی بە هێڵی ئاسمانیی (ماهان ئێیەر)ـی ئێرانی سزا دراوە؛ هاوکات محەممەد حوسێن سەروەتیش بەهۆی پەیوەندی بە کۆمپانیای (سپیهر ئینێرجی جیهان نەما پارس) خراوەتە لیستی سزاکانەوە. هەردووکیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سزا دراون.
سەبارەت بە محەممەد جەواد باوەند و مەجید تاج، وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە چوارچێوەی فەرمانی جێبەجێکاریی ژمارە 13902 سزا دراون، کە ئەو کەس و لایەنانە دەکاتە ئامانج لە کەرتە دیاریکراوەکانی ئابووریی ئێراندا کار دەکەن.
بەگوێرەی ئەم رێکارانە، سەرجەم ئەو سامان و موڵکانەی ئەو چوار کەسە لەژێر دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریکادا هەیانە بلۆک دەکرێن و بە شێوەیەکی گشتی هەر جۆرە مامەڵەکردنێکی هاووڵاتییانی ئەمریکاش لەگەڵیاندا قەدەخە دەکرێ.
سەپاندنی ئەم سزایانە لە چوارچێوەی سیاسەتی تووندی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران، بەتایبەت لە کاتێکدا کە گوشارە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی واشنتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بەردەوامن.



