رووداو دیجیتاڵ
کامێرای میدیای فەرمیی ئێران دەچێتە نێو نووسینگەی سەرۆککۆماری وڵاتەکە بۆ ئەوەی پێشانی بدات مەسعود پزیشکیان چۆن و چەندە وزە بەکاردەهێنێ، لە کاتێکدا خۆی بەردەوام خەڵک هان دەدات کەمتر کارەبا بەکاربێنن و دەست بە بەکارهێنانی گازەوە بگرن.
لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێ کە گڵۆپی زۆر کەم و هیچ گەرمکەرەوەیەک لە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کاری پێناکرێ و بەرپرسان زیاتر سوود لە رووناکیی سرووشتیی هاتوو لە رێی پەنجەرەکانەوە وەردەگرن.
لە نووسینگەی تایبەتەکەی مەسعود پزیشکیانیش دۆخەکە زۆر جیاواز نییە و سەرۆککۆمار لەبەر رووناکی دوو گڵۆپی سەر مێزەکەی سەرقاڵی خوێندنەوەی بەڵگەنامەکانە.
پزیشکیان پاڵتۆیەکی ئەستووری لەبەردایە و گەرماپێوەکەی سەر مێزەکەیشی پلەی گەرمیی ژوورەکە 18.8پلەی سیلیزی دەردەخات.
پزیشکیان لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین جار رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی پیشەسازییەکان نەوەستێت، پێویستە هەمووان دەست بە کارەبا و گازەوە بگرن و پڕۆسەکەش دەبێ لە بەرپرسانی حکومەتەوە دەستپێبکات.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی ئێران، کۆی بەرهەمهێنانی ساڵانەی گازی سرووشتیی وڵاتەکە بۆ ساڵی 2025، نزیکەی 280 ملیار مەتر سێجا بووە، بەڵام بەگوتەی ئیسماعیل سەقاب ئیسفەهانی، جێگری سەرۆککۆمار، ساڵانە پێداویستیی نێوخۆیی ئێران نزیکەی 285 ملیار مەتر سێجایە.
ئەوە لەکاتێکدایە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگی 40 رۆژەدا کە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، زیانی زۆر بەر ژێرخانی وزەی ئێران کەوت و بەشێک لە کێڵگەکان لەکارکەوتن. ئەوەش بەراورد بە پێش جەنگ، کورتهێنانی گازی زۆر زیاتر کردووە.
هاوکات نوێترین ئاماری وەزارەتی کارەبای ئێران دەریدەخات، بۆ زستانی ئەم ساڵ 12 هەزار و 500 بۆ 13 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبا دەبێت.


