رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنێکی هەمیشەیی سەبارەت بە ئێران دەکات بە جۆرێک کە هیچ سەرۆکێکی دیکەی ئەمریکا لە داهاتوودا نەتوانێت رێگە بە تاران بدات ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی؛ سەبارەت بە داهاتووی دەسەڵاتی ئێرانیش دەڵێ، تاوەکو ئێستا دوو گرووپی دەسەڵاتداری لەو وڵاتە لەنێوبردووە و ئێستا مامەڵە لەگەڵ گرووپی سێیەم دەکەن.
رۆژی شەممە 21-11-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیووز) گوتی: "ئەوان رێککەوتنێک دەکەن و رۆژی دواتر رێککەوتنەکە دەشکێنن. بۆیە ئەوەی من دەیکەم ئەوەیە، وا دەکەم کە ئەگەر دوای چوار ساڵ، 15 ساڵ یان 20 ساڵی دیکە سەرۆکێکی لێنەهاتوومان هەبێت، من رێککەوتنێک دەکەم کە هەمیشەیی بێت. رێگە بە کەس نادەم رێگەیان پێبدات چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، ئایا هەمان رژێمی ئێستا لە ئێران دەمێنێتەوە یان نا، ترەمپ گوتی، هەرگیز زۆر گرنگیی بە خودی رژێمەکە نەداوە و ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی ئێراندا روویداوە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لە راستیدا من پێشتر دوو رژێمم لەنێوبردووە؛ گرووپی یەکەمم لەنێوبرد، گرووپی دووەمم لەنێوبرد و ئێستا مامەڵە لەگەڵ گرووپی سێیەم دەکەین. بۆیە دەتوانن بەوە بڵێن گەورەترین گۆڕینی رژێم."



