رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کردنەوەی تەنگەی هورمز کارێکی قورس نییە و تەنیا ئەوەندە بەسە ئەمریکا مەرجە گونجاوەکانی تاران کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا یەکدەگرنەوە، قبووڵ بکات؛ دەشڵێ، هیچ چارەسەرێک بۆ دۆخی ئێستا نییە ئەگەر واشنتن دان بە هەڵەکانیدا نەنێت.
رۆژی شەممە 21-11-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێوڕەسمی رۆژی نیشتمانیی عوماندا گوتی: "کردنەوەی تەنگەی هورمز قورس نییە و تەنیا ئەوەندە بەسە ئەمریکا مەرجە مەعقولەکانمان قبووڵ بکات کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێن. هیچ چارەسەرێکیش بۆ دۆخی ئێستا نییە مەگەر ئەوەی ئەمریکا دان بە هەڵەکانیدا بنێت و پابەندبوونەکانی پێشووی جێبەجێ بکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مەسقەت و گوتی، عومان بۆ ئێران تەنیا وڵاتێکی دراوسێ نییە، بەڵکو دۆست و برایە و پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش بنیات نراون.
عێراقچی باسی ئەوەی کرد، دەبێت ئاسایشی ناوچەکە لە ناوخۆی ناوچەکەوە سەرچاوە بگرێت و ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ عومان لەسەر پرسەکانی ناوچەکە، بەتایبەت دروستکردنی پێکهاتە ئەمنییە نوێیەکان لە کەنداودا راوێژی بەردەوامییان هەیە و دوایین گەڕی راوێژە سیاسییەکانیشیان چوار رۆژ لەمەوبەر لە مەسقەت بەڕێوەچووە.
سەبارەت بە دۆخی غەززەش، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەهۆی خراپیی دۆخەکەوە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کردووە و گوتی: "ئێستا جۆرێک لە جینۆسایدی بێدەنگ لە غەززە بەڕێوەدەچێت و کوشتنی خەڵک بێ وەستان بەردەوامە."



