رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری زانکۆی پزیشکی نیشابووری ئێران دەڵێ، 72 کەس لەو شارە بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە ژەهراوی بوون کە دواتر 4 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش تووشی مردنی مێشک بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، میلاد حەیدەریان، جێگری بەڕێوەبەری زانکۆی پزیشکی نیشابوور لە پارێزگای خوراسانی رەزەوی لە ئێران رایگەیاند، بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە 72 کەس لە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە ژەهراوی بوون و گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە کە دواتر 4 کەسیان گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش تووشی مردنی مێشک بوون.
میلاد حەیدەریان گوتی:" 67 کەس لەو هاووڵاتییانە پیاو و پێنج کەسەکەی دیکەیان ژنن."
بە گوتەی میلاد حەیدەریان، هەموو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، پیاون.
پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێ، کەسانی بەرپرس لە دابەشکردنی کحولی ساختە لە شارەکە دەستگیرکراون.
فرۆشتن و خواردنەوەی کحول لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لە ساڵی 1979ـەوە لە ئێران قەدەخە کراوە، تەنیا کەمینە ناموسڵمانەکان، وەک کریستیان و جوو لەم قەدەخەیە بەدەرکراون، بەو مەرجەی لە شوێنە گشتییەکاندا نەخۆنەوە. بەڵام بازاڕی بەرهەمی قاچاخ کە هەندێکیان ساختەن لەو وڵاتەدا هەیە.




