رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران چاکسازیکردن لە کەرتی وزەدا بە گرنگترین و پێویستترین پرسی وڵاتەکەی ناودەبات و دەڵێ، دەبێ ئەو چاکسازییە لە گازەوە دەستپێبکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تۆمەتبارکردنی یەکدی رێگەچارەی کۆتاییهێنان بە دۆخی ئێستا نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-11-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەرلەماندا باسی لە دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵاتەکەی کرد.
قالیباف ئاماژەی بە جەختکردنەوەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە دۆخی "نە شەڕ و نە ئاشتی" کردەوە و گوتی: "لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەدا نابێت تەنیا بە قسەی دووبارە و سیاسییەوە بووەستین. تۆمەتبارکردنی یەکدی بە شەڕخوازی یان خۆبەدەستەوەدان، رێگەی کۆتاییهێنان بەم دۆخە نییە، بەڵکو وڵات پێویستی بە بڕیار و رێکارێکی کرداری و روونە."
سەبارەت بە چاکسازی لە کەرتی وزەدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، دوای گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی زۆر، هیچ کەس گومانی لەوەدا نییە کە چاکسازیی وزە بەپەلەترین و گرنگترین پرسی ئێرانە، چ لە کاتی ئاشتی و چ لە سەردەمی شەڕدا.
سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، قالیباف گوتی: "لە کەرتی وزەدا گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پشکی بەنزین لە وزەدا تەنیا 9%ـە، نابێت چاکسازی لە بەنزینەوە دەستپێبکات، بەڵکو دەبێت لە گازەوە دەستپێبکات کە 73%ـی پشکی وزە پێکدەهێنێت."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەستپێکردنی چاکسازی لە گازەوە "دەتوانێت کێشەی خەڵک و حکومەت چارەسەر بکات و هاوکات ببێتەهۆی دروستکردنی ئاسایشی ئابووری."
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگی 40 رۆژەدا کە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، زیانی زۆر بەر ژێرخانی وزەی ئێران کەوتووە و بەشێک لە کێڵگەکان لەکارکەوتن. ئەوەش بەراورد بە پێش جەنگ، کورتهێنانی گازی زیاتر کردووە.



