رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێ، ساڵانە نزیکەی 142 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لەو وڵاتە تۆمار دەکرێن.
مەریەم بەهەشتیان، سەرۆکی یەکەی دابینکردنی دەرمانی شێرپەنجە لە نووسینگەی نەخۆشییە نەگوازراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 22-11-2026 رایگەیاند، بەپێی ئامارەکانی سیستمی تۆمارکردنی شێرپەنجە، رۆژانە لە نێوان 390 بۆ 400 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەکرێن کە زیاتر لە نیوەیان پیاون.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران گوتی: "ئامارەکان دەریدەخەن 28%ی شێرپەنجەی ژنان لە جۆری شێرپەنجەی مەمکە."
بەهەشتیان باسی لەوەش کرد، تووشبوون بە هەندێک لە جۆرەکانی شێرپەنجە روو لە دابەزینە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم دیاردەیە تەنیا تایبەت نییە بە ئێران و لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهانیشدا روودەدات.
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئێران لە ساڵانی 2020 تاوەکو 2040 بە رێژەی 115% زیاد دەکات، لە کاتێکدا ئەو رێژەیە لەسەر ئاستی جیهان بە 63% دەخەمڵێندرێ و بەو واتایە دێت کە گەشەی شێرپەنجە لە ئێران نزیکەی دوو هێندەی تێکڕای جیهانی دەبێت.



