رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەڵێ، دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمز گڕیان گرت، دوای ئەوەی مینیان پێدا تەقییەوە؛ ئاماژەش بەوە دەکات، هەر کەشتییەک سیستمی رادار و دیاریکردنی شوێن بکوژێنێتەوە، تووشی ئەو چارەنووسە دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2026 هێزی دەریایی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت کە سیستمی رادار و دیاریکردنی شوێنیان کوژاندبووەوە و بە نهێنی هەوڵیان دەدا بە رێڕۆیەکی رێگەپێنەدراوی تەنگەى هورمزدا تێپەڕن، بەر مینی دەریایی کەوتن و گڕیان گرت."
سوپای پاسداران دەڵێت: "یەکێک لە کەشتییەکان زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بارکردبوو و لە ئەنجامی تەقینەوەی مینەکە گڕی گرت."
هێزی دەریایی سوپای ئێران هۆشداریش دەدات، پێویستە سەرجەم ئەو کەشتییانەی دەیانەوێ بە رێڕۆ ئاوییەکەدا تێپەڕن، لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە هاوئاهەنگی بکەن و سیستمەکانی رێدۆزییان چالاک بێت، ''ئەگەرنا تووشی چاڕەنووسی هاوشێوەی ئەم نەوتهەڵگرانە دەبن.''
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا ناو، خاوەن یان ئاڵای هەڵکراوی وڵاتی کەشتییەکان ئاشکرا نەکراوە.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی تووندی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات، هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی ناوەندی کۆنترۆڵی دەریایی ئێران وەربگرێ، بە پێچەوانەوە دەکرێ بکرێتە ئامانج.
لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕەوەدا ئەنجام دەدات.




