بزووتنەوەی گۆڕان سوورە لەسەر داواكەی خۆی كە ئەبێ هەڵبژاردنی سەرۆك لەنێو پارلەماندا بێت لە چەشنی بەغدا. پاساوەكانی بریتییە لە ڕێگەگرتن لە دیكتاتۆری و دابەشبوونی دەسەڵات و بەهێزكردنی پارلەمان بۆ لێپرسینەوە. هەروەها گۆڕان دەیەوێت بەم داوایەیەی دەستڕۆییشتوویی حزبەكان لە چارەنووسی وڵات بەشێوەیەكی ڕەها بە یاسایی بكات. نموونەكەی بەغدایش كە گۆڕان پێداگیریی لەسەر لاساییكردنەوەی دەكات بینیمان كە مالیكی و كارەساتەكانی لێ كەوتەوە و دەسەڵات لە دەستی سەرۆك وەزیرانە و تەنانەت یەك جارییش پارلەمان نەیتوانیوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات. پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگرە لەسەر ئەوەی سەرۆك بە دەنگی خەڵك هەڵبژێردرێت. پارتی پێیوایە جارێك لەبەر خاتری سازان، بە گەڕاندنەوەی دەستوور بۆ پارلەمان زوڵم لە مافی خەڵك كراوە. ناكرێ جارێكی دیكە بە هۆی عینادی لایەنێك مافی دەنگدان لە خەڵك زەوت بكرێت و سەرۆك لە پارلەمان هەڵبژێردرێت و ببێتە لوعبەی دەستی حزبەكان و بەپێی سەفەقاتی حزبی هەڵبژێردرێت. پارتی وای بۆ دەچێت هەڵبژاردنی سەرۆك لە لایەن خەڵك دیموكراتیترە و ئەبێ دامەزراوەیەك هەبێت كە ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە شەرعییەتی پێدرابێت و پارسەنگێك لەنێوان بەرژەوەندیخوازیی حزبەكان و ئیرادەی گەل هەبێت. پارتی پێیوایە چونكە خاوەن سیادەی تەواو نین و دەوروپشتمان بە هەڕەشە تەنراوە پێویستە دامەزراوەیەكی بەهێز هەبێت كە گەل دەنگی پێدا بێت و ڕۆڵی سیادە بگێڕێت. پارتی پاساوی ئەوەیە كە ناكرێ لە كاتی ئێستادا قەدەری وڵات تەنیا بدرێتە حزبەكان كە ئەولەویەتی سەرەكیان بەرژەوەندییەكانی خۆیانە و لەسەر پۆست و پشك و پلە و پایە ئامادەن وڵات تا سنووری ڕووخان و هەڵدێر بەرن. هەر دوو بەرە سوورن لەسەر هەڵوێستەكانیان و پاساوەكانی خۆیان بە ڕاست و دروست دەبینن. بەڵام تاهەتایە ناكرێ ئەم جەدەلە بەردەوام بێت و بە هۆیەوە كێشە گەورەكانی دیكە پشتگوێ بخرێن. پێویستە هەر دوو لا پاشەكشە لە بەشێك لە داواكارییەكانیان بكەن و لە نیگەرانییەكانی یەكتر بگەن. ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان و بەرەی هاودەنگی سوورە لەسەر هەڵوێستەكەی و پێیوایە ئەمە داواكاریی زۆربەی خەڵكی كوردستانە و بۆ ئەوەی كۆتایی بەم جەدەلە بهێنرێت دەبێ بەوە ڕازی بێت كە ئەم بابەتە لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە یەكلایی ببێتەوە. چونكە ڕەوا نییە بە بێی ئەوەی پرس بە خەڵك بكرێت مافی دەنگدانیان لە بستێننەوە و بیدەنە پارلەمانتار. یانیش لەبەرانبەر ڕازیبوونی پارتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لە پارلەمان ئەبێ چەند هەنگاوێك لە پارتی بێتە پێش و نیگەرانییەكانی بڕەوێنێتەوە ئەویش بریتییە لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی سەربەخۆیی و ئەوە گەرەنتییەش بدات كە بیر لە لەتكردنی كوردستان ناكاتەوە. هەر جۆرە پاشەكشەكردنێك لە مافی خەڵك و ڕازیبوون بەوەی كە سەرۆك لە پارلەمان هەڵبژێردرێت بە مانای ئەوە دێت كە هەبوو و نەبووی ئەم وڵاتە دەكەوێتە دەست حزبەكان. ئەو حزبانەی كە بەشێكی زۆریان لەڕووی سیاسییەوە سەربەخۆ نین. لەڕادەبەدەر تەسكبینن و تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەكەنەوە. ڕوئیاییەكی ڕوونیان بۆ چەمكی نیشتیمان و جیۆگرافی و دواڕۆژەكەی نییە. بەشێكیان ئاوسن بە هزری توندڕۆیی و ئینكاری بەرانبەر. تەنیا كاتێك دەتوانرێ چارەنووسی ئەم وڵاتە بدرێتە ئەحزاب و مافی خەڵك لە فیلتەری ئەوانەوە تێبپەڕێت كە: یەكەم: حزبەكان بە ڕوونی سیاسەتی خۆیان لەبارەی سەربەخۆیی ئاشكرا بكەن و گەرەنتیی پشتگیریی سەربەخۆیی بدەن و بڕوایان بە جیۆگرافیای یەكگرتووی كوردستان هەبێت. دووەم: یاسای ئەحزاب بەشێوەیەكی وا دابڕێژڕێت كە ڕێگە لە حزبەكان بگرێت شوێنكەوتووی ئەجێندای دەورووبەر بن و هێزی چەكدار و موئەسەسەی هەواڵگریی دەرەوەی یاسایان نەبێت. سێیەم: ئایدیۆلۆژیای توندڕۆیی دینی و نەژادپەرستی و فاشیزم و ناوچەگەرێتی و شۆڕش و هەڵتەكاندن لە دروشم و كرداری حزبەكاندا نەمێنێت. چوارەم: پڕەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بەوردی پیادەبكرێت و دامەزراوەی دادوەری و چاودێرییەكانیش بەهێزتربكرێت.
هەڤپەیڤین15-10-2026تونجەر باکرهان: ئۆجەلان داوای کردووە سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی بکات