رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی کێبڕکێی بازرگانی تورکیا رایگەیاند، کۆمپانیای مێتا (META) تەواوی ئەو بەڵێن و مەرجانەی جێبەجێ کردووە کە بۆ دووبارە کاراکردنەوەی ئەپی سرێدز (Threads) لە تورکیادا بەسەریدا سەپێندرابوون. بەمەش رێگە خۆش دەبێت بۆ ئەوەی بەکارهێنەرانی تورکیا بە شێوازێکی سەربەخۆ و بەبێ پێویستی بە هەژماری ئینستاگرام، ئەپەکە بەکاربهێننەوە.
ئەم بڕیارە دوای پرۆسەیەکی درێژخایەنی یاسایی دێت؛ کاتێک لە تشرینی دووەمی 2023دا، دامەزراوەی کێبڕکێی بازرگانی لێکۆڵینەوەی لە دژی کۆمپنایای مێتا دەستپێکرد بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای پاراستنی رکابەرایەتی لە رێگەی لکاندنی ناچاریی سرێدز بە ئینستاگرام و تێکەڵکردنی داتای بەکارهێنەران.
لە 24ی نیسانی 2024دا، بەهۆی جێبەجێنەکردنی بڕیارە سەرەتاییەکان، سزای دارایی بەسەر مێتادا سەپێندرا، ئەوەش وایکرد مێتا بۆ ماوەیەک چالاکییەکانی سرێدز لە تورکیادا رابگرێت.
پاشان لە تشرینی دووەمی 2024دا، مێتا پاکێجێکی بەڵێننامەی فەرمی پێشکەش بە دامەزراوەکە کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
بەپێی راگەیەندراوی نوێی دامەزراوەکە، مێتا لە 10ی حوزەیراندا بە فەرمی رەزامەندیی کۆتایی پێدراوە.
رەزامەندییەکە دوای ئەوە هات مێتا سیستمی ئەپەکەی بە جۆرێک گۆڕی کە دوو بژاردە دەخاتە بەردەم بەکارهێنەرانی تورکیا:
- بژاردەی یەکەم: بەکارهێنانی ئەپی سرێدز لە رێگەی بەستنەوەی بە هەژماری ئینستاگرامەوە (وەک شێوازی پێشوو).
- بژاردەی دووەم: دروستکردنی هەژمارێکی تەواو سەربەخۆ لە سرێدز تەنیا لە رێگەی بەکارهێنانی "ژمارەی تەلەفۆن" و بەبێ هیچ پەیوەندییەک بە ئینستاگرامەوە.
دامەزراوەی کێبڕکێی بازرگانی تورکیا جەختی کردەوە، بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی بژاردەی دووەم هەڵدەبژێرن، بە چەند جۆرێک رێگری دەکرێت لەوەی داتا و زانیارییە کەسییەکانیان لە ئینستاگرامەوە بگوازرێتەوە یان لەگەڵ سرێدز تێکەڵ بکرێت، بەمەش مافی پاراستنی زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی یاساکانی تورکیادا دەپارێزرێت.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا بۆ ساڵی 2026، ژمارەی بەکاهێنەرانی ئەپەکانی مێتا لە تورکیا بەم شێوەیە:
• واتسئاپ: 65 ملیۆن
• ئیسنتاگرام: 55 ملیۆن
• فەیسبووک: 43 ملیۆن
لە ماوی 4 ساڵی رابردوودا بەهۆی پابەندنەبوونی کۆمپانیای مێتا بە یاساکانی تورکیا، نزیکەی 26 ملیۆن دۆلار سزای دارایی بەسەرداسەپێندراوە.



