لەکاتێکدا مشتومڕی نێو پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) بەردەوامە، ئومیت دیکبایر، پەرلەمانتاری ئەو پارتە ئێوارەی سێشەممە 23-6-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە دەستلەکارکێشانەوەی لە پارتەکەی راگەیاند.
ئومیت دیکبایر لە هەژماری خۆیدا نووسی:"هۆکاری ئەم بڕیارەم مێژوو، جەماوەر یان بەهاکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) نییە. ناڕەزایی من بەرامبەر بەو عەقڵەیە کە سەرەڕای ئەوەی باڵاترین پۆستەکانی ئەم پارتەیان بەدەستەوە بووە، ئەمڕۆ ناتوانن پارتەکە لەژێر سێبەری بەرژەوەندیی کەسی و ویستی سیاسییان دەربهێنن".
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە لە بزانەی ساکاتئا رایگەیاند، لە کاتێکدا تورکیا پێویستی بە ئارامی، ژیری و هەستی بەرپرسیارێتی هەیە، قبووڵی ناکەم جەهەپە بکرێتە ئامرازێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بەرژەوەندە کەسییانەی هێشتا کۆتاییان پێنەهاتووە.
دیکبایر دەڵێ، نابێت پۆستەکانی ئەو پارتەی مستەفا کەمال ئەتاتورک دایمەزراند، ببنە سەکۆیەک بۆ بەرژەوەندیی کەسی و تۆڵەسەندنەوە.
هەروەها نووسیویەتی:"ناڕەزایی من بەرامبەر پارتی گەلی کۆماری نییە، بەڵکو بەرامبەر ئەو کەسانەیە کە میراتی کۆماری تورکیا دەکەنە ئامرازێک بۆ درێژەپێدانی رۆڵی سیاسیی خۆیان. بۆیە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەندامێتیی پارتی گەلی کۆماری رادەگەیێنم".
ئومیت دیکبایر لەمەودوا وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە پەرلەمانی تورکیادا درێژە بە چالاکییەکانی دەدات. بەمجۆرە ژمارەی پەرلەمانتارانی جەهەپە بووە 136 و ژمارەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆش لە 10 بۆ 11 پەرلەمانتار بەرزبووەوە.
قەیرانی جەهەپە
رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بڕیارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" هەژمار کرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی.
جەهەپە رۆژی 9-9-1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.



