رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەری سوڕماوە لەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو بە چ روویەکەوە سەردانی دەمیرتاش دەکات؛ دڵنیاییشی دا لەوەی دەمیرتاش رەتیکردووەتەوە چاوی بە کڵچدارئۆغڵو بکەوێت. لەکاتێکدا گوتەبێژی جەهەپە نکۆڵی لەو رەتکردنەوەیە دەکات.
دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە، کەمال کڵچدارئۆغڵو کە بە بڕیاری دادگە ئێستا سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە، رایگەیاند، "سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکات،" کاردانەوەی بەدوادا هات.
بەتایبەتی هەڵوێستی کڵچدارئۆغڵو کە ساڵی 2016 بە بڕیاری ئەو، پەرلەمانتارانی جەهەپە دەنگی بەڵێیان بۆ لادانی پارێزبەندی لەسەر دەمیرتاش و هاوڕێکانی دابوو، بووەتەوە رۆژەڤ.
سرری ساکک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەمیرتاش ئەو چاوپێکەوتنەی رەتکردەوە. منیش لە پەرلەمان قسەم لەسەر داواکارییەکەی کڵچدارئۆغڵو کرد و گوتم کە بە چ رووێکەوە دەچیتە ئەوێ؟"
کەمال کڵچدارئۆغڵو رۆژی 19-06-2026، لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیدا پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا پەشیمانە لەوەی ساڵی 2016 دەنگی بەڵێی بە لادانی پارێزبەندی لەسەر دەمیرتاش و هاوڕێکانی دا؟ لە وەڵامدا گوتی، "نەخێر پەشیمان نیم. ئەوکاتە تۆمەتی تیرۆر درابووە پاڵ کاک دەمیرتاش. بەڵێ دەنگی بەڵێمان دا بۆ ئەوەی پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت. نەخێر پەشیمان نیم."
هەر لەبەر ئەو هۆکارە بوو لە هەمان رۆژدا لە میدیا بڵاوکرایەوە کە دەمیرتاش رەتیکردووەتەوە دیدار لە گەڵ کڵچدارئۆغڵو بکات.
هەر دوێنێ موسلوم ساڕی، گوتەبێژی جەهەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا نکۆڵی لەمە کرد و گوتی، "دەوروبەری دەمیرتاش کێن؟ سەرچاوەکەی چییە؟ ئێمەش هەواڵەکەمان بیست، بەڵام ئەگەر سەرچاوە بدرێت لەوانەیە باشتر هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین. بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو پلانی وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی دەمیرتاش بکات، بەڵام ئێستا هیچ هەوڵێک یان داواکارییەکمان لەوبارەیەوە ئاراستە نەکردووە."
سرری ساکک رۆژی سێشەممە لە پەرلەمانی تورکیا لەمبارەیەوە گوتی، "کەی بابەتیک لەبارەی کوردەوە هەبێت، لەم پەرلەمانەدا کۆنسەی نیشتمانی پێکدەهێنن. ساڵی 2016 پارێزبەندی هەڵدەگیرا، سەرۆکی جەهەپە هاتە ئێرە و گوتی کە ئەمە پێشێلی دەستوورە، بەڵام دەنگی بەڵێی پێدەدەم. دەستووری پێشێلکرد. جا دوای 10 ساڵ رۆژنامەڤانێک لێی پرسی؛ پەشیمانیت؟ گوتی نەخێر پەشیمان نیم. پەشیمانیش داناییە کە لە ئێوەدا نییە."
سرری ساکک زۆر بە تووندی رەخنەی لە کڵچدارئۆغڵو گرت و ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە رێژەیەکی بەرزی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شارەوانیدا دەنگی بە بەربژێرانی جەهەپە دا کە یەکێکیان کەمال کڵچدارئۆغڵو خۆی بوو.



