رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایدەگەیێنن، پێویستە ئەو پڕۆژەیاسایەی بۆ "پرۆسەی چارەسەری" ئامادە دەکرێت، گشتگیر بێت و پێگەی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە رێکبخات.
رۆژی پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026 بەرپرسانی باڵای دەم پارتی لە ئەنقەرە لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەڤانان کۆبوونەوە و تیشکیان خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری. سەرکردەکانی ئەو پارتە جەختیان لەوە کردەوە، ئەو رەشنووسە یاساییەی چاوەڕوان دەکرێت پێش پشووی هاوینی پەرلەمان پێشکێش بکرێت، "نابێت هیچ جیاکارییەک لەخۆبگرێت" و دەبێت رێگە بۆ دانوستاندنی بابەتە بنەڕەتییەکان بکاتەوە.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، لەگەڵ نوێنەرانی ئاکپارتی و مەهەپە هاوڕابوون لەسەر پێویستیی خێراکردنی کارە یاساییەکان لە پەرلەمان. دۆغان گوتی، داوایان کردووە پڕۆژەیاساکە "بەبێ جیاکاریی تاوانبار و بێتاوان" دابڕێژرێت.
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "چاوەڕوانین هەفتەی داهاتوو دیدارێک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکرێت." هاوکات هەڵوێستی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی لەم پرۆسەیەدا بە "پێداگیر و ئەرێنی" وەسف کرد.
لەلایەکی دیکەوە، تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، پەکەکە لە هەندێک ناوچەی مەترسیدار کشاوەتەوە و پێویستە تورکیاش هەنگاوی بەرامبەر بنێت. تەمەل گوتی: "پێویستە پڕۆژەیاسا نوێیەکە رێگە بۆ گەڕانەوەی دەیان هەزار کورد بۆ ناو ژیانی کۆمەڵایەتی خۆش بکات و کۆتایی بە یاسا نادیموکراتییەکانی وەک دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان (قەیوم) بهێنێت."
ساروهان ئولوچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی زانیاریی زیاتری لەبارەی نێوەڕۆکی یاساکە ئاشکرا کرد و گوتی، پێشبینی دەکەن لە 10 تاوەکو 12 ماددە پێکبێت. ئولوچ گوتیشی: "ئێمە پێشنیازەکانی خۆمان گەیاندە ئۆجەلان و پێشنیازەکانی ئەویشمان رادەستی دەوڵەت کردووە. پێویستە یاساکە پێگەی یاسایی ئۆجەلان و ژینگەی کارکردنی لە ئیمراڵی رێکبخات، چونکە ئەو رۆڵێکی سەرەکی لە جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا دەگێڕێت."
سەبارەت بە پرسی دەستووری نوێ، ئولوچ ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ دەسەڵاتدا هیچ گفتوگۆیەکی فەرمییان لەو بارەیەوە نەکردووە.
لەبارەی مەرجی چەکدانانیش، بەرپرسانی دەم پارتی پێیانوایە کێشەکە تەنیا تەکنیکی نییە، بەڵکو سیاسییە. دەڵێن: "ناکرێت بگوترێت با سەرەتا پەکەکە چەک دابنێت و پاشان یاسا دەربکەین. پەکەکە ئیرادەی خۆی نیشانداوە، بەڵام دەبێت یاساکە بوار بۆ گەڕانەوەی گەریلاکان و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو دۆسیە یاساییانە بڕەخسێنێت کە بەهۆی ئەندامێتیی پەکەکەوە کراونەتەوە."
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە لە شوباتی 2026دا کۆمیسیۆنی پەرلەمان راپۆرتی خۆی پەسند کرد و ئێستا گفتوگۆکان چوونەتە قۆناخی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان لە تورکیا.



.webp&w=3840&q=75)
