رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگری لە پەرلەمانی تورکیا، لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا رایگەیاند، پرسی سیستەمی بەرگریی ئێس 400 و فڕۆکەی ئێف 35 بەرەو چارەسەر دەچن و دەڵێت: "چاوەڕوانی پەرەسەندنی نوێ دەکەین."
خولوسی ئاکار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگریی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا کە بە سەردانێکی فەرمی و بە یاوەریی شاندێکی پەرلەمانی تورکیا لە واشنتنە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە باڵوێزخانەی وڵاتەکەی رایگەیاند، لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە کۆبوونەتەوە، ئامانجیان پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بووە، بەتایبەت لە بواری بەرگری و تەکنەلۆژیای سەربازییدا.
سەبارەت بە کێشەی سیستەمی بەرگریی ئێس 400ی رووسی و سزاکانی ئەمریکا (CAATSA)، خولوسی ئاکار گەشبینی خۆی نیشاندا و گوتی: "کێشەی ئێس 400 بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەسەر دەکرێت. چاوەڕێی هەندێک پەرەسەندنی نوێ دەکەین و وەک ئەوەی دەبینرێت، گۆڕانکاری ئەرێنی روودەدەن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەرکردنی ئەم پرسە، رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی تورکیا بۆ پڕۆگرامی فڕۆکەی ئێف 35.
وەزیری پێشووی بەرگریی تورکیا باسی لە رۆڵی وڵاتەکەی کرد لە پیشەسازیی فڕۆکەی ئێف 35 و گوتی: "لە رابردوودا نزیکەی هەزار پارچەی ئەم فڕۆکەیە لە تورکیا بەرهەم دەهێنران، بۆیە لەم پرسەدا دەستمان زۆر بەهێزە و وا دیارە ئەم بابەتەش بەرەو چارەسەر دەچێت."
ئاکار باسی لە پڕۆژەی (گومەزی پۆڵایین)ی تورکیا کرد بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی و گوتی، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ناتۆ و رێککەوتنە دووقۆڵییەکاندا، دوو پاتریۆتی بەرگریی ئاسمانی رەوانەی تورکیا کراون، هەروەها پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکەش بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری بەردەوامە.

.webp&w=3840&q=75)

