رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی لە سەرۆکی فراکسیۆن و پێنج پەرلەمانتاری جەهەپە و پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی رێگەی نوێ، 9 دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی هەینی 17ی تەممووزی 2026 بڵاوکرایەوە، 9 دۆسیەی تاوان لە دژی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی فراکسیۆن و پێنج پەرلەمانتاری دیکەی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی رێگەی نوێ پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە.
دۆسیەکانی تاوان بەهۆی سکاڵای سەرۆکایەتیی کۆمار لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە.
دۆسیەکانی تاوان لە دژی پەرلەمانتارانی جەهەپە بەم شێوەیە:
• ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە (2 دۆسیە)
• حوسێن یڵدز، پەرلەمانتاری بازنەی ئایدن (1 دۆسیە)
• سوات ئۆزچاغداش، پەرلەمانتاری بازنەی ئیستەنبووڵ (1 دۆسیە)
• ئۆغوز کائان ساڵیجی، پەرلەمانتاری بازنەی ئیستەنبووڵ (1 دۆسیە)
• مستەفا ئادیگوزەل، پەرلەمانتاری بازنەی ئۆردو (1 دۆسیە)
• موراد باکان، پەرلەمانتاری بازنەی ئیزمیر (1 دۆسیە)
دۆسیەیەکی تاوان لە دژی پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی رێگەی نوێ:
• مەسعود دۆغان، پەرلەمانتاری بازنەی ئەنقەرە (1 دۆسیە)
لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا، ژمارەی دۆسیەکانی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارانی 28ـەمین خولی پەرلەمان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 896 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی پێشکێش کراوە، کە 574یان لە دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتییە. لەوانە 107 دۆسیە لە دژی سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی مێردین.
هەروەها رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2024، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە، متمانە لە جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکارانی تورکیا سەندرایەوە، کە پێش هەڵبژاردنی زیندانیکرابوو، سوێندی یاساییشی نەخواردبوو.
بەپێی رێکارەکان، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەکانی تاوان ئاراستەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لە نەبوونی کەموکورتی لە دۆسیەکان و دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات، دوای پەسەندکردنیان، دەخرێتە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجوومەنی گشتیی بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە 27ـەمین خولی پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا، هەزار و 418 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە و پارێزبەندی دژی پەرلەمانتاران پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون. لەم ژمارەیەدا هەزار و 101 دۆسیە لە دژی پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆمارکراون. سێ پەرلەمانتاری هەدەپەش بەناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵڵاری متمانەیان لێسەندرایەوە.
.webp&w=3840&q=75)


