رووداو دیجیتاڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر تەواوی هێزەکانیان لەناو تورکیا کشاندووەتەوە و تونێل و سەنگەرەکانیشیان لە زاپ و مەتینا-ش (باشووری کوردستان) چۆڵکردووە. راشیگەیاند، "هیچ رێگرییەک لەبەردەم ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا نەماوە."
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی بزووتنەوەکە بڵاوکردەوە، باسی پێشهاتەکانی پرۆسەکەی کردووە و ئاماژەی بەوەدا ئۆجەلان هەوڵێکی زۆری داوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سووتاندنی چەکەکانی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە و 30 کەسی دیکە لە 11ی تەممووزی 2025، هێمای بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بووە. هەروەها لە 26ی تشرینی یەکەمی 2025، هەندێک لە ئەندامانی پەکەکە کە لە سنوورەکانی تورکیا کشابوونەوە، "بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و بەڕێوەبردنی خەباتی سیاسیی دیموکراسییان راگەیاندووە."
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، لە دوو ساڵی رابردوودا لە تورکیا هیچ پێکدادانێکی چەکداری رووینەداوە و ئەم دۆخە "بەهای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی دەردەخات."
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەی دیموکراسی و سیاسی بە بنەما وەرگیراوە" و لەم چوارچێوەیەدا، لە رێگەی "مانیفێستی کۆمەڵگەی دیموکراسی" و "راگەیێندراوی کۆماری دیموکراسی و یەکگرتنی دیموکراسی" بناخەی ئایدۆلۆژی و تیۆریی پرۆسەکە دانراوە.
سەرنج خراوەتە سەر ئەو لیژنەیەی کە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد پێکهێنراوە و بانگەشەی ئەوە کراوە، لیژنەکە راپۆرتێکی ئامادە کردووە، بەڵام دەسەڵات ئەو هەنگاوانەی نەناوە کە لە راپۆرتەکەدا پێشبینی کرابوون.
لە راگەیێندراوەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە، حکومەتی تورکیا دوای یاسای پاڵپشتیی نیشتمانیی هیچ هەنگاوێکی نەناوە.
هەروەها هاتووە، بەرپرسانی دەوڵەت لە کاتی ئامادەکردنی یاساکەدا بەڵێنیان دابوو کە ئۆجەلان بتوانێت لەگەڵ زۆر لایەن، بەتایبەتی رۆژنامەڤانان، دیداری هەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هیچ هەنگاوێک لەمبارەیەوە نەنراوە و جگە لە یەک دیدار لەگەڵ شاندی دئیمراڵیی دەم پارتی، گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان بەردەوام بووە.


