رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا ئاماری حەوت مانگی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، لە 81 پارێزگادا زیاتر لە 32 هەزار کەس بە فەرمانی دادگە زیندانی کراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و موڵکی نایاساییدا گیراوە.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، لە نێوان مانگەکانی شوبات تاوەکو ئەیلوولی 2026، لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان 7 هەزار و 818 ئۆپەراسیۆنی ئەمنی کراون.
ئۆپەراسیۆنەکان تایبەت بوون بە رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، گرەوی نایاسایی، قوماری ئەلیکترۆنی و نەوەی نوێی تۆڕە تاوانکارییەکان.
ئاماری دەستگیرکراوان و رێکارە دادوەرییەکان:
70 هەزار و 853 گومانلێکراو رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.
32 هەزار و 882 کەس بە بڕیاری دادگە بڕیاری بەندکردنیان بۆ دەرچووە.
15 هەزار و 826 گومانلێکراو خراونەتە ژێر چاودێریی دادوەرییەوە.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵمەتەکەیان تەنیا بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران نەبووە، بەڵکو بە ئامانجی بڕینی سەرچاوە داراییەکانیشیان بووە.
لەو چوارچێوەیەدا، دەست بەسەر ماددەی هۆشبەر بە بەهای زیاتر لە 30 ملیار لیرەی تورکی (نزیکەی 610 ملیۆن دۆلار) گیراوە. هەروەها دەست بەسەر بڕی 1.4 ملیار لیرەی نەختینە (نزیکەی 28 ملیۆن دۆلار)، 17 ملیۆن یۆرۆ و 1.7 ملیۆن دۆلاری ئەمریکیدا گیراوە.
لە چوارچێوەی رێکارەکانی پەیوەست بە سەروەت و سامانی گرووپە تاوانکارییەکان، دەست بەسەر 9 هەزار و 30 موڵک، هەزار و 556 ئۆتۆمبێل و 22 کەرەستەی گواستنەوەی دەریاییدا گیراوە. جگە لەوەش، رێکاری یاسایی بەرامبەر 803 کۆمپانیا و شوێنی کار گیراوەتەبەر.
وەزیری دادی تورکیا جەختی لەوە کردەوە رێگە نادەن هیچ گرووپێکی تاوانکاری داهاتووی گەنجان تاریک بکات و بە هەمان پێداگرییەوە لە رووبەڕووبوونەوەی سەرجەم گرووپە نایاساییەکان بەردەوام دەبن.


