رووداو دیجیتاڵ
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێ: "پێشکەوتنی ئەرێنی هەیە. پرۆسەیەکی سەختە و پێویستە بە پشوودرێژی سەیری بکرێ و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئامانج دەڕۆین."
ئەمڕۆ دووشەممە، 12-10-2026، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی تورکیا کرد.
یڵماز لەبارەی ئەو پرۆسەیەی دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەستی پێکردووە، گوتی: "گۆڕینی ئەم پرسە بۆ سیاسەتێکی دەوڵەت و ئەو کارانەی لەم چوارچێوەیەدا ئەنجام دەدرێن، وادەکات پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر' بە شێوەیەکی ئەرێنی و لە رێڕەوی خۆیدا بەڕێوەبچێت. ئەو وزەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خەرجمان دەکرد، ئاراستەی گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ستانداردە دیموکراسییەکانمانی دەکەین. ئێمە ئەمە وەک دەرفەتێکی گەورە دەبینین."
"پێویستە بە ئارامییەوە بەرەو ئامانج هەنگاو بنێین"
لەبارەی پرسی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، جەودەت یڵماز گوتی: "پێشکەوتنی ئەرێنی لە مەیداندا هەیە، بەڵام پرۆسەیەکی سەختە. پێویستە بە پشوودرێژییەوە چاودێریی پرۆسەکە بکرێ و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئامانج بڕۆین. تورکیا وڵاتێکە کێشەکانی خۆی چارەسەر دەکات بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ هێزێک یان رێکخراوێکی نێودەوڵەتی ببات. کاتێک ئەم پرۆسەیە بە تەواوی سەردەکەوێ، دەبێتە چیرۆکێکی سەرکەوتن کە نموونە دەبێت بۆ جیهان."
لێدوانەکانی جەودەت یڵماز لە کاتیکدایە، ئەمرۆ دووشەممە، 12-10-2026 کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا بەرێوەدەچێ و پرۆسەی چارەسەری یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبێ.
بریار وایە لە کۆبووەنەوەی کابینەی حکومەتدا راپۆرتی مەیدانی لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە پێشکێش بکرێ.



