کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

تورکیا

فەلاح مستەفا لە کۆڕبەندی شەرق لە ئیستەنبووڵ: پێویستە گەلانی ناوچەکە خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن

هەکار عەلی

هەکار عەلی

28-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
هەکار عەلی
هەکار عەلی28-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

پێشنیازەیاسای بودجەی 2027 لە لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا
تورکیا28-11-2026

پێشنیازەیاسای بودجەی 2027 لە لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری: مۆدێلێکی سەرکەوتووە لە جیهاندا
تورکیا27-11-2026

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری: مۆدێلێکی سەرکەوتووە لە جیهاندا

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا: پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە و چوار لیژنەی لاوەکی دەستیان بەکارکردووە
تورکیا27-11-2026

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا: پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە و چوار لیژنەی لاوەکی دەستیان بەکارکردووە

رووداو دیجیتاڵ


فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لە کۆڕبەندی شەرق لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، سیستمی جیهانی تووشی پشێوی بووە و پێویستە گەلانی ناوچەکە خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن، نەوەک لایەنی دیکە.


دەیەمین کۆڕبەندی شەرق بە بەشداریی نوێنەرانی زیاتر لە 50 وڵات و نزیکەی دوو هەزار گەنج و کەسایەتی لە ژێر ناونیشانی "کاتی رۆژهەڵاتە" لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت و کارەکانی ئەمڕۆ شەممە 28-11-2026 و سبەی یەکشەممە 29-11-2026 بەردەوام دەبن. فەلاح مستەفا لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی "سیستمی نێودەوڵەتیی نوێ: یاساکانی چۆن دادەڕێژرێن؟" بەشداری کرد و باسی لەوە کرد، دەبێت سیستمی نێودەوڵەتی بە شێوەیەک رێکبخرێتەوە کە خەڵکی ناوچەکە قسە و رۆڵیان تێیدا هەبێت.


یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە جەختی لەسەر سێ بنەمای سەرەکی بۆ گەلانی رۆژهەڵات کردەوە. یەکەم، قبووڵکردن و رێزگرتن لە یەکدی و پێکەوەژیان. دووەم، بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان. سێیەمیش، بوونی راستگۆیی و نەهێشتنی سیاسەتی دوووڕوویی؛ گوتیشی، سەقامگیریی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتان پێکەوە گرێدراوە و دەبێ ئاسایش لە رێگەی بەشداریی هەمووان و بنەما دیموکراسییەکانەوە بەدیبێت، تاوەکو لە قۆناخی کێبڕکێوە بچینە قۆناخی هاوکاری.




فەلاح مستەفا داخرانی تەنگەی هورمزی بە نموونە هێنایەوە و گوتی: "داخرانی تەنگەکە کاریگەری لەسەر نزیکەی هەموو جیهان هەبووە و عێراق و وڵاتانی دراوسێش پێی کاریگەر بوون، ئەمەش دەری دەخات تەنانەت ئەگەر ئێمە بەشێکیش نەبین لە کێشەیەک، ئەوەی لە ناوچەکەدا روودەدات کاریگەریمان لەسەر دادەنێت؛" ئاماژەی بەوەش کرد، چی دیکە جیهان دوو جەمسەری نییە و لە پاڵ هێزە هەرێمی و مامناوەندەکاندا، گەلانی بێ دەوڵەت و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش هەن کە دەتوانن رۆڵیان لە ئاسایشدا هەبێت و دەبێت لەبەرچاو بگیرێن.


سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە هەرێمییەکان و نێوەندگیری، فەلاح مستەفا باسی لەوە کرد، پێویستە پێشنۆرەییەکان دیاری بکرێن و هەر کێشەیەک چارەسەرێکی تایبەت بە خۆی بۆ بدۆزرێتەوە؛ گوتیشی، ناکرێ لە جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤدا سیاسەتی دووڕوویی پەیڕەو بکرێت، بەڵکو دەبێت یاسا بۆ هەمووان بێت و گەلانی ناوچەکە لە بێ دەنگیەوە ببنە بەشداربوو و خاوەن بڕیار لەسەر مێزی گفتوگۆکان؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ سیستمێکی جیهانیی نوێ بەبێ رەوایەت و دادپەروەری سەرناگرێ و لە لایەن گەلانەوە قبووڵ ناکرێت.


هاکان فیدان: دەبێت جیهانی ئیسلامی خاوەندارێتی لە ناوچەکە بکات


لە بەشێکی دیکەی کۆڕبەندەکەدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە گوتارێکدا رایگەیاند، سیستمی جیهانی گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت و جیهانی ئیسلامی کە زیاتر لە چارەکێکی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنێت، لە چەقی ئەو گۆڕانکارییەدایە.

هاکان فیدان گوتی: "بۆ چەندین دەیە، چارەنووسمان بەند بوو بەو بڕیارانەی لە دەرەوە دەدران. ئەگەر دوودڵ بین و بووەستین، ئەوانی دیکە لە بری ئێمە بڕیار لەسەر داهاتوومان دەدەن؛" ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی 57 وڵات لەخۆدەگرێ و ئەگەر یەکڕیز بن، دەتوانن جیهانێکی دادپەروەرتر بونیات بنێن.


وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای کرد وڵاتانی ناوچەکە خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن و دوو نموونەی هێنایەوە. یەکەمیان "هاوپەیمانیی مەککە بۆ بەرگری" لە نێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان. دووەمیشیان "چوارقۆڵیی هەرێمی" لە نێوان میسر، پاکستان، سعودیە و تورکیا. لەبارەی فەلەستینیشەوە گوتی، فەلەستین سەرەکیترین قیبلەنمای ئەخلاقییە و ئاشتیی بەردەوام تەنیا لە رێگەی چارەسەری دوو دەوڵەتی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بە پایتەختیی قودسی رۆژهەڵات بەدیدێت.


قسەکەرانی دیکەی کۆڕبەندی شەرق چی دەڵێن؟


لە دەستپێکی دەیەمین کۆنفرانسی کۆڕبەندی شەرقیشدا وەزاح خەنفەر، سەرۆکی کۆڕبەندەکە رایگەیاند، سەدەی سایکس-پیکۆ و سووکایەتی و پەرتەوازەیی کۆتایی هاتووە و ئێستا "کاتی رۆژهەڵاتە". خەنفەر گوتی، نەوت و سامانی زۆر و پەیوەندیی گەرموگوڕ لەگەڵ رۆژئاوا نەیانتوانی ئاسایش بۆ ناوچەکە دابین بکەن، بۆیە دەبێت گەلانی رۆژهەڵات بە تێپەڕاندنی سنوور و مەزهەب و نەتەوەکان، پشت بە یەکگرتنی سەربازی و ئابووری ببەستن بۆ بونیاتنانی داهاتوویان.


کۆمفۆرت ئێرۆ، سەرۆکی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لە پانێڵەکەدا باسی لەوە کرد، سیستمی نێودەوڵەتی بەرەو قۆناخێکی راگوزەر دەڕوات کە تێیدا جەنگ بووەتەوە شتێکی ئاسایی، گوشاری ئابووری و باج وەک چەک بەکاردەهێندرێن و لۆجیکی هێز زاڵ بووە.


ئێرۆ ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی وەک تورکیا،ئەفریقای باشوور، میسر و مەغریب رۆڵیان زیاتر بووە، چونکە چی دیکە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا جێگەی متمانە نین؛ هاوکات جەختی کردەوە کە سەرەڕای کەموکوڕییەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای دادی نێودەوڵەتی هێشتا گرنگیی خۆیان هەیە و دەتوانن دادپەروەری بچەسپێنن، وەک ئەوەی لە دۆسیەی گەلی رۆهینگیادا بینرا.


تەڵحە کۆسە، ئەکادیمیست و توێژەری تورکیا رایگەیاند، سرووشتی جەنگ گۆڕاوە بۆ جەنگی ئەلیکترۆنی کە تێیدا ژێرخانەکان، کێبڵە دەریاییەکان و زانیارییەکان دەکرێنە ئامانج و کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان رۆڵێکی گەورەیان لە ئاسایشدا هەیە؛ گوتیشی، پاشەکشەی چوارچێوە فرەلایەنەکان وایکردووە دەستپێشخەرییە هەرێمی و ناوخۆییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ببنە پێویستییەکی سەرەکی.


خەلدوون شەریف، پسپۆڕی بواری نێوەندگیری ئاماژەی بەوە کرد، شێواز و ناوەندەکانی نێوەندگیری گۆڕاون و سەنتەری ئاشتەوایی لە جنێڤەوە بەرەو شارەکانی وەک ئیستەنبووڵ، دەوحە و ئیسلام ئاباد گوێزراوەتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە بردنەوەی جەنگ مانای بردنەوەی ئاشتی نییە و هیچ ئاشتییەکیش بە سەپاندن لە دەرەوە سەرناگرێ ئەگەر خەڵکی ناوچەکە (وەک غەززە) خاوەنی نەبن، هونەری نێوەندگیریش بریتییە لە گەیشتن بە سازش بەبێ ئەوەی وەک خۆبەدەستەوەدان دەربکەوێ.


کۆڕبەندی شەرق دامەزراوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتییە کە لە ساڵی 2008 لە لایەن وەزاح خەنفەرەوە دامەزراوە و بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیایە. ئەم کۆڕبەندە ساڵانە کۆنفرانس و کۆبوونەوەی جیاواز بە بەشداریی سیاسەتمەداران، بیرمەندان، ئەکادیمیستان و گەنجان لە سەرتاسەری جیهانەوە رێکدەخات، بە ئامانجی برەودان بە گفتوگۆ، پەرەپێدانی دیدگای ستراتیژی و بەهێزکردنی هاوکاری و تەواوکاری لە نێوان گەلان و وڵاتانی رۆژهەڵاتدا.

بابەتی پەیوەندیدار

پێشنیازەیاسای بودجەی 2027 لە لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا
تورکیا28-11-2026

پێشنیازەیاسای بودجەی 2027 لە لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری: مۆدێلێکی سەرکەوتووە لە جیهاندا
تورکیا27-11-2026

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری: مۆدێلێکی سەرکەوتووە لە جیهاندا

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا: پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە و چوار لیژنەی لاوەکی دەستیان بەکارکردووە
تورکیا27-11-2026

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا: پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە و چوار لیژنەی لاوەکی دەستیان بەکارکردووە

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە