رووداو دیجیتاڵ
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەڵێ، لە چوارچێوەی یاسای نوێی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەرییدا نزیکەی 2800 کەس سوودمەند دەبن، بەڵام ئەو یاسایە نزیکەی 230 سەرکردەی پەکەکە ناگرێتەوە. یڵدز دەڵێت: "تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەم ئەنجام بەدەست دێت و پاشان رێکارەکان بۆ سزادراوانی تیرۆر لە زیندانەکاندا دەستپێدەکات."
رۆژی دووشەممە، 12-10-2026 فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە بۆ کاروباری یاسایی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح)ی تورکیا، وردەکاری لەبارەی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و جێبەجیکردنی خستەڕوو.
یڵدز لەبارەی رێکخستنە یاساییەکانەوە رایگەیاند: "تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ ئەنجام بەدەستدێت. پاشان رێکارەکان بۆ ئەو سزادراوانەی کە بەهۆی تیرۆرەوە لە زیندانەکاندان دەستپێدەکات."
لەبارەی ئەوەی کێ لە یاساکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری سوودمەند دەبێ، یاردیدەدەری سەرۆکی مەهەپە گوتی: "نزیکەی 2 هەزار و 800 کەس سوودمەند دەبن. بەڵام با هەموو کەسێک ئەوەش بزانێت دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی تیرۆریستی (پەکەکە)، ئەو کەسانەی لە ساڵی 1984ەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەناو بەرپرسانی باڵای رێکخراوەکە بوون کە ژمارەیان نزیکەی 230 کەسە لەم یاسایە سوودمەند نابن."
یاسای ژمارە 7595، -یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتیمانی و یەکگترنی کۆمەڵایەتی- کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری لە 10-8-2026 لە پەرلەمانی تورکیا خرایە دەنگدان و بە کۆی 467 دەنگی "بەڵێ" لە پەرلەمان پەسند کرا.
یاساکە رۆژی 17-8-2026 لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا واژۆی لەسەر کرا و لە 18-82026 لە رۆژنامەی فەرمی تورکیا بڵاوکرایەوە. ئامانج لە یاسایە، دیاریکردنی چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکەیە لە رووی یاساییەوە، دوای چەکدانان و گەڕانەوەیان بۆ تورکیا.



