رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای ئیستەنبووڵ بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و پێشبینیی لێزمەباران و دروستبوونی لافاو، رۆژی پێنجشەممەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا کردە پشووی فەرمی، هاوکات هاتووچۆی ماتۆڕسکیلیشی لە شارەکەدا قەدەخە کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، پارێزگای ئیستەنبووڵ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان لە بەرامبەر شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و مەترسیی لافاو، رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەم، لە تەواوی دامەزراوە پەروەردەییە حکومی و تایبەتەکاندا دەوامی ناو پۆل بۆ ماوەی یەک رۆژ رادەگیرێت.
بەپێی راگەیێندراوەکە، فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ژنانی دووگیان و ئەو دایکانەی منداڵی خوار تەمەن 8 ساڵیان هەیە لە کەرتی گشتیدا بە مۆڵەتی ئیداری دادەنرێن و دەوام ناکەن؛ بەڵام بڕیارەکە کارمەندانی کەرتەکانی تەندروستی، پۆلیس، جەندرمە و بەرگریی شارستانی ناگرێتەوە.
پارێزگای ئیستەنبووڵ بڕیاریشیداوە لە کاژێر 21:00ـی ئەمشەوەوە تاوەکو کاتێکی نادیار هاتووچۆی سەرجەم جۆرەکانی ماتۆڕسکیل و سکووتەر لە سەرتاسەری شارەکەدا قەدەخە بکرێت، بەهۆی ئەو مەترسییەی با و باران لەسەر سەلامەتییان دروستی دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداری داوە لەوەی ئەمشەو شەپۆلێکی چڕی لێزمەباران، با و بۆران ئیستەنبووڵ دەگرێتەوە کە مەترسیی لافاوی لێدەکەوێتەوە، داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی هەر حاڵەتێکی کتوپڕدا پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانی فریاگوزاری و شارەوانییەوە بکەن.
.jpg&w=3840&q=75)


