رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، 9 سەرکردەی کوردی دەستگیرکران، کە یەکێکیان سەرۆکی پارتێکی کوردییە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیشەممە، 17-11- 2026 لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوکاتدا لە لە باکووری کوردستان و ئەنقەرە، چەند ئەندامێکی ئەندامی هاوپەیمانیی نیشتیمانی کوردستان (هەڤبەندی) لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کران.
ئۆپەراسیۆنەکە بە بریاری دادگەی کۆماری لە ئامەد دەستیپێکردووە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان داوای دەستبەسەرکردنی 51 کەس دەرچووە، کە سەرجەمیان ئەندامی هاوپەیمانیی نیشتمانی کوردستان (هەڤبەندی)ن.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەریەک لە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)، حەسەن داغتەکین، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە لەئەنقەرە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراون.
هاوکات لە ئامەد، بەرەبەیانی ئەمرۆ هەریەک لە عەلی ئۆنجو، نوێنەری کەسایەتییەکانی کوردستانی سەربەخۆ و هەروەها لەمێردین فوئاد ئۆنەن، ئەندامی پەلکورد دەستبەسەر کراون.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی هەڤبەندی، دوو ئەندامی پارتی نیشتییمانیی کوردستانیش دەستبەسەرکراون.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمی لە هاوپەیمانێتیەکە، تائێستا 9 لە ئەندامانیان دەستبەسەرکراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەوانەی تاوەکو ئێستا دەستگیرکراون بریتین لە: بایرام بۆزیەل، فوئاد ئۆنەن، محەممەد جان ئازبای، رۆژبین بوکون، عەلی ئۆنجو، حەسەن داغتەکین و عەلی چەڤەن. ئێمە ئەم ئۆپەراسیۆنە شەرمەزار دەکەین."
هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان (هەڤبەندی)، پلاتفۆرمێکی هاوپەیمانیی سیاسییە کە لە ئەنجامی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە 7ی تشرینی دووەمی 2026 لە ئامەد بە بەشداری 170 سیاسەتمەدار و کەسایەتی سیاسی بەڕێوەچوو، دامەزراوە و لە 9ی تشرینی دووەمی 2026دا بۆ رای گشتی راگەیێندرا.
ئامانجی سەرەکی ئەو پلاتفۆرمە داننان بە مافە نیشتمانییەکانی گەلی کورد، مافی چارەی خۆنووسین، مسۆگەرکردنی پێگەی سیاسی و ناسنامە لە کوردستان لە دەستووردا و پەرەپێدانی هاوپشتی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا ئامانجی سەرەکییە.

.jpg&w=3840&q=75)

