رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کەناڵی ئۆپۆزیسیۆنی "سۆزجو تیڤی" (Sözcü TV) لە ئیستەنبووڵ و دەستیان بە پشکنین کرد. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کەناڵەکە دەستبەسەرکرا و قەییوم (سەرپەرشتیاری حکومی) لەسەر کەناڵەکە و ماڵپەڕە هەواڵییەکەی دانرا.
ئیسماعیل سایماز، نووسەر و شرۆڤەکاری دیاری رۆژنامەکە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند: "پۆلیس هاتووەتە ناو باڵەخانەی تەلەڤیزیۆنەکە و دەیپشکنێت. سەرۆکی دەستەی کارگێڕی، فوندا تونجەر، دەستبەسەرکراوە. راگەیێندراوە کە لەلایەن سندووقی بیمەی سپاردەکانەوە (TMSF) قەییوم بۆ کەناڵەکە دانراوە."
ئەرسان بارکن، پارێزەری گرووپی میدیایی کەناڵەکە، رایگەیاند پشکنینەکە پشت بە دۆسیەیەک دەبەستێت کە پێشتر دادگای باڵای تورکیا بڕیاری لەسەر دابوو کە تاوان نییە. پارێزەرەکە گوتی: "بڕیاری دانانی قەییوم کەناڵەکە و ماڵپەڕی کەناڵەکە دەگرێتەوە."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی پارتیی نوێ، کاردانەوەی خۆی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەر کەناڵەکە لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) دەربڕی و نووسیویەتی: "شەرمەزاری بۆ ئەوانەی لەپێناو کورسییەکدا وڵاتیان گەیاندە ئەم دۆخە. بێگومان رێگەچارەیەک دەدۆزینەوە."
موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی، ئۆپەراسیۆنەکەی بە "کودەتایەکی ئاشکرا لە دژی هەستی دادپەروەری و ئازادیی گەل بۆ وەرگرتنی هەواڵ" ناوبرد.
کەناڵی سۆزجو تیڤی و رۆژنامەی سۆزجو بەیەکێک لە دەنگە دیار و رەخنەگرەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا هەژمار دەکرێن. دانانی قەییوم ، کە بە واتای دانانی سەرپەرشتیارێکی حکومییە بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەک، رێکارێکە کە لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دژی شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتە کوردییەکان و هەندێک کۆمپانیای تایبەت بەکارهاتووە.

.jpg&w=3840&q=75)

