رووداو دیجیتاڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایدەگەیێنێت، تورکیا بەهۆی پێگەی جیۆپۆلەتیکی و هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە ناچارە لە بەرامبەر قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا سیاسەتێکی دەرەکیی نەرم و هاوسەنگ بگرێتەبەر، هاوکات دووپاتیشی دەکاتەوە کە پڕۆسەی چارەسەری پێویستییەکی نیشتمانییە. ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ململانێ و قەیرانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. لەبارەی دۆخی جیهانییەوە، سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بە بەردەوامیی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کرد و گوتی، ئەم جەنگە قوربانی و وێرانیی زۆری لێکەوتووەتەوە و هێشتا هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و تورکیا هەبووە. هەروەها رەخنەی لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گرت و جەختی کردەوە کە تاوەکو ناوچەکە سەقامگیر نەبێت، تورکیاش ناتوانێت لە دۆخێکی پارێزراودا بێت. باخچەلی لەبارەی هەڵوێستی ئەنقەرە لە قەیرانەکاندا رایگەیاند: "تورکیا بەهۆی ئەوەی لە سەنتەری سێگۆشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەوقاز و ئەورووپای رۆژهەڵاتدا هەڵکەوتووە، ناچارە لە ناوەندی کێشمەکێشە جیهانییەکاندا سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ، عەقڵانی و هاوسەنگ پەیڕەو بکات تاوەکو بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت." سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەریش، سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرۆسەیە پشتیوانییەکی فراوانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەدەستهێناوە و ئامانجی سەرەکی لێی تێگەیشتنی دروستە لە گۆڕانکارییە جیهانییەکان و بنیاتنانی "تورکیایەکی بەهێزتر" بۆ داهاتوو، رەخنەشی لەو لایەنانە گرت کە هەڵسەنگاندنی سادە و تەسک بۆ پڕۆسەکە دەکەن.