رووداو دیجیتاڵ
کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە، کە خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامین، خەڵکی ئەو وڵاتەی نیگەرانکردووە و رۆژ لەدوای رۆژ دەستەی چەکداری جیاواز دروست دەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە.
لە کۆتایی مانگی رابردوو، ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان داوای لە هێزە خۆبەخشەکانی ئەو وڵاتە کرد هاوکاری سوپای بکەن، کە لە ژێر گوشاری هێرشەکانی تاڵیبان بوو، داوای کرد بۆ پاراستنی وڵات چەک هەڵبگرن.
لە دوایین هەنگاودا، گرووپێکی شیعە کە خۆی بە "حەشدی شیعە" ناساندووە هاوشێوەی حەشدی شەعبی عێراق چەکی هەڵگرتووە، تەنانەت ئەو گروپە ژمارەیەک چەکداری تێدایە، کە پێشتر لە سووریا شانبەشانی هێزەکانی بەشار ئەسەد و سوپای پاسدارانی ئێران دژی داعش شەڕیان کردووە.
رۆژنامەی جمهوری ئیسلامی، کە رۆژنامەیەکی فەرمیی حکومەتی ئێرانە لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژی دووشەممە بە مانشێتی گەورە هەواڵەکەی داناوە و نووسیویەتی: "ئەو گرووپە پێشینەی بەرگریکردن لە شوێنە پیرۆزەکانی هەیە"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو چەکدارانەی کە سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا رەوانەی سووریای کردوون بۆ شەڕی داعش و گرووپەکانی دیکە.
فەرماندەی ئەو هێزە، کە ژمارەیان دیار نییە، حەسەن حەیدەرییە. ئەو فەرماندەی حەشد دەڵێت هێزەکەی ئامادەیە شانبەشانی هێزەکانی حکومەت، رووبەڕووی تاڵیبان ببێتەوە. ئەو فەرماندەیە رایگەیاندووە ئامادەن ئەزموونی شەڕی پاراستنی "مەزارگە پیرۆزەکان" دووبارە بکەنەوە.
دوای 20 ساڵ مانەوە لە ئەفغانستان، ئەمریکا بڕیاری داوە هێزەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە، رۆژی 8ی ئەم مانگە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم هێزەکانیان لە ئەفغانستان دەکشێننەوە و کۆتایی بە درێژترین شەڕی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەهێنێت. بە وتەی نیویۆرک تایمز ئەمریکا 2 ترلیۆن دۆلاری لەو شەڕەدا خەرجکردووە.
تاڵیبان لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بەشێکی زۆری خاکی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کردووە و بە گوتەی خۆیان زیاتر لە 85%ی ئەو وڵاتەیان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و لەوانەش چەند دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ ئێران، پاکستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان.
جگە لە حەشدی شیعە، ژمارەیەک گرووپی دیکەش دروستبوون، لەوانە گرووپی محەممەد ئیسماعیل خان لە هیرات، عەتا محەممەد نوور لە ویلایەتی مەزار شەریف. ئەو گرووپانە دەستیان بە کۆکردنەوەی چەکدار کردووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو وڵاتە نەکەوێتە دەست چەکدارانی تاڵیبان.
هەرچەندە هێشتا گروپی فاتمیون کە پێکهاتوون لە شیعەکانی ئەفغانستان و لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پڕچەککراون و لە سووریا خەریکی شەڕکردنن، هەڵوێستییان وەرنەگرتووە، بەڵام ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو گرووپە بە تاک روویان لە ئەفغانستان کردووەتەوە بۆ شەڕی تاڵیبان.
سید زاهیر موجاهید، کە مەلایەکی چەکداری هێزی فاتمیونە داوای لە مەرجەعی قومی ئێران کردووە کە بێدەنگ نەبن و لەسەر تاڵیبان هەڵوێست وەرگرن. "دابینکردنی ئەو هەمو کەرەستە و قوربانیدانی ژمارەیەکی زۆر لە ئێرانی و ئەفغانە خۆشەویستەکان بۆ رێگریکردن لە مەترسی داعش لە سووریا لەگەڵ ئەو بێدەنگییەی ئێستا بەرامبەر بە یاخیبوونی کوشندەی کەمینەی تاڵیبان چۆن لێکدەدرێتەوە؟ " موجاهید لە پۆستێکدا کە رۆژی یەکشەممە لە فەیسبووک کردوویەتی، وا دەڵێت.
لە پۆستێکی دیکەدا، سەید زاهیر موجاهید وێنەی چەکدارێکی شیعەی داناوە بە ناوی جاوید و دەڵێت دوای ساڵانێک جیهاد لە سووریا لە بەرەی پێشەوەی شەڕ لەگەڵ تاڵیباندا لە ئەفغانستان "شەهید بوو". لە یەکێک لە کۆمینتەکاندا کەسێک بەناوی محەممەد هاشمی دەڵێت: "بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتەتان لەم کاتە قەیراناوییەدا بە قازانجی خەڵکی ئێمە نییە."
رۆژی دووشەممە ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان سەردانی ویلایەتی هیراتی سەر سنوری ئێرانی کرد و لەگەڵ محەممەد ئیسماعیل خان، کە فەرماندەی هێزێکی خۆبەخشە کۆبووەوە بۆ ئەوەی باسی بارودۆخی ئەو ویلایەتە بکات، کە لە 19 ناوچەی سەر بەو ویلاتەیە 17یان لە ژێر کۆنترۆڵی تاڵیباندان.
سەرهەڵدانی گروپە چەکدارەکان لە ئەفغانستان بەوەی حەشدی شیعییەوە لە کاتێکدایە، کە نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان رۆژانی شەممە و یەکشەممە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر دانوستاندنیان کرد و بەڵێنی ئەوەیان دا کە دوای جەژن رێکبکەون.
هێرشەکانی تاڵیبان رای حکومەتی بایدنیان بۆ کشانەوە نەگۆڕیوە، بایدن سوورە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە لە کۆتایی ئەم مانگەدا.
بەڵام چالاکڤانانی ئەفغانستان و بەتایبەت ژنە چالاکڤانەکان نیگەرانن لەوەی کە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو وڵاتە لە لایەن تاڵیبانەوە ئەو گەشە کۆمەڵایەتییەی ئەو وڵاتە لەماوەی 20 ساڵی رابردوو بۆ خۆیەوە بینیویەتی بەرەو دواوە دەبات و ناسەقامگیری زیاتر لەو وڵاتە دروستدەکات.
لەهەمانکاتیشدا سەرهەڵدانی گروپی چەکدار وەک حەشدی شیعە سەرەوەریی وڵات و توانای هێزە حکومییەکانی ئەفغانستان دەخاتە ژێر پرسیار و ئەو وڵاتەش بەرەو ئایندەیەکی نادیار دەبات.



