رووداو دیجیتاڵ
کاتێک لە ساڵی 2013دا حاتەم یەکتا جانتای سەفەری پێچایەوە، نەیدەزانی بەرەو زیندانێکی بێ دیوار بەڕێدەکەوێ کە تێیدا گەنجێتی، تەندروستی و خەونەکانی دەبنە قوربانیی سیاسەتە تووندەکانی کۆچبەران. ئێستا دوای 13 ساڵ، ئەو گەنجەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پاپوا گینیای نوێ، دۆخی تەندروستیی لە مەترسیدایە.
ئاری حەیدەری، خاڵۆزا و هاوڕێی نزیکی حاتەم، لە رێگەی (رووداو)ەوە پەردە لەسەر ژیانە پڕ لە ئازارەکەی حاتەم لادەدات. ئاری کە لەگەڵ حاتەم گەشتی پەنابەرییان دەستپێکرد و ساڵانێکی زۆر لە کەمپی (مانووس) لە پاپوا گینیای نوێ پێکەوە بوون، ئێستا لە ئەمریکاوە بە خەمبارییەوە باس لەو هاوڕێیەی دەکات.
لە یانە وەرزشییەکانی تارانەوە بۆ تەنیایی لە پۆرت مۆرسبی
حاتەم یەکتا پێش ئەوەی رێگەی کۆچ بگرێتە بەر، گەنجێکی وەرزشوان و پڕ لە وزە بووە. ئاری حەیدەری دەڵێ، "حاتەم لە تاران لەگەڵ براکەی خاوەنی یانەیەکی وەرزشی لەشجوانی بوو."
ئەو کاتە ئەو هاونیشتمانییە نەک تەنیا هیچ نەخۆشییەکی نەبوو، بەڵکو لەوپەڕی هێز و تەندروستیدا بوو.
ئاری حەیدەری دەڵێ، حاتەم کەسێکی میهرەبان، دڵپاک، یارمەتیدەرە، هەمیشە گرنگی بە خێزانەکەی داوە.
وەک ئاری حەیدەری دەڵێ، تەنیا خەونی ئەو هاونیشتمانییە ئەوە بوو ژیانێکی ئاسایی و ئارامی هەبێت، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە دۆخێک کە تەنانەت ناتوانێت بە دروستی گوزارشت لە ئازارەکانی بکات.
"تەنیایی و ئازار جەستەیان داڕزاندووە"
ئاری باس لەوە دەکات، ئێستا حاتەم لە (پۆرت مۆرسبی) پایتەختی پاپوا گینیای نوێ دەژی، بەڵام ژیانێک کە زیاتر لە مردن دەچێت.
لەبارەی دۆخی ئێستای تەندروستییەوە، ئاری بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڵێ، "لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و ڤیدیۆ پەیوەندیمان هەبوو، بەڵام بینینی حاتەم لەم دۆخەدا زۆر سەختە. پێمان گوتراوە جەستەی تووشی عەفونەتێکی سەخت بووە و لە رووی دەروونیشەوە بە تەواوی داڕووخاوە. گەورەترین کێشە ئەوەیە لەو شوێنەدا نە نەخۆشخانەی باش هەیە و نە کەرەستەی پزیشکی. ژیانی ئەو بەڕاستی لە مەترسیدایە."
ئاری و حاتەم پێکەوە دەستیان بە گەشتی پەنابەری کرد و بۆ چەندین ساڵ لە کەمپی مانوس مانەوە. ئاری دەڵێ، "ئێمە چەندین ساڵ لە مانوس پێکەوە بووین تاوەکو ساڵی 2019. ئەو کاتە رەوشی تەندروستیی حاتەم زۆر لە ئێستا باشتر بوو."
دوای ئەوەی دادگا بڕیاری دا کە دەستگیرکردنی پەنابەران لە مانووس نایاسایی بووە، هەندێک لە پەنابەران، وەک ئاری لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرفەتی چوونە وڵاتانی وەک ئەمریکا، کەنەدا و نیوزلەندیان وەرگرت، بەڵام حاتەم و ژمارەیەک پەنابەری دیکە لە پاپوا گینیای نوێ مانەوە و تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەکەیان نەدۆزراوەتەوە.
ئاری دەڵێت، "دوای 13 ساڵ، هێشتا هیچ چارەسەرێک بۆ حاتەم نەدۆزراوەتەوە. ئەو هاوڕێیەم ئێستا تەنیایە."
دایک و باوکێک کە تەنیا هیواکەیان بینینەوەی کوڕەکەیانە
لە کاتێکدا حاتەم لە پاپوا گینیای نوێ لەگەڵ مەرگ دەجەنگێت، لە رۆژهەڵاتی کوردستان ماڵێک هەیە کە 13 ساڵە چاوەڕوانییان کۆتایی نایەت.
ئاری باس لە خێزانەکەی حاتەم دەکات و دەڵێت، "دایک و باوکی زۆر بەتەمەنن و لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانن. سێ براکەی لە تاران کاردەکەن. بۆیان زۆر سەختە، کە دوای ئەو هەموو ساڵە، کوڕەکەیان لەم رەوشەدا ببینن. تەنیا هیوا و ئارەزوویان ئەوەیە حاتەم چارەسەر بکرێ و رۆژێک بگەڕێتەوە نێو خێزانەکەی."

.jpg&w=3840&q=75)

