رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کوبا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، چەند مانگێکە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە بەڵام هیچ "پێشکەوتنێک" بەدینەهاتووە. واشنتن سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆسەر ئەو وڵاتە پەیڕەو دەکات، بە ئامانجی گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردن.
رۆژی سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، برۆنۆ رۆدریگێز، وەزیری دەرەوەی کوبا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی کوبا و ئەمریکا هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبینیوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرەڕای ئەوە، هاڤانا هێشتا "دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە."
لەم چەند مانگەی رابردوودا ئیدارەی ترەمپ گوشارەکانی بۆ سەر کوبا تووندتر کردوونەتەوە، لەوانە سەپاندنی گەمارۆی وزە و چەندین سزای نوێ کە قەیرانی ئابووریی ئەو وڵاتەیان قووڵتر کردووەتەوە.
ترەمپ رایگەیاندووە، دەیەوێ گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیی کوبادا ببینێت و وەک نموونەش ئاماژەی بە مۆدێلی ڤەنزوێلا کردووە، کاتێک واشنتن هاوکار بوو لە گۆڕینی سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە.
وەزیری دەرەوەی کوبا گوتیشی کە "هیچ گومانێکی" لە ئامانجەکانی واشنتن نییە، هەربۆیە داوای کردووە رۆژی 7ـی تەمموز لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گفتوگۆ لەسەر سزاکانی ئەمریکا بکرێ. رۆدریگێز هۆشداری دا کە "هێرشە هەمەلایەنەکانی ئەمریکا بۆ سەر کوبا بەردەوامن و خەریکە تووندتر دەبن."
ئەم گرژییە دیپلۆماسییە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی کوبا دروستکردووە. بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە، پچڕانی کارەبا لە هەندێک ناوچە دەگاتە 40 کاژێر بەسەریەکەوە، ئەمەش کەرتی گواستنەوەی لە تەواوی وڵاتەکەدا پەکخستووە. هاوکات وڵاتەکە بەدەست کەمیی خۆراک، ئاوی خواردنەوە و دەرمانەوە دەناڵێنێت.



