رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمنیی ئەڵمانیا هۆشداری لە زیادبوونی هەڕەشەکان بۆسەر وڵاتەکەیان لەلایەن وڵاتە نەیارەکانەوە دەدەن، بەتایبەتی رووسیا؛ هەروەها ئاماژە بە مەترسیی تووندڕەوانی نێو وڵاتەکەیان دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 30ی حوزەیرانی 2026، دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانیا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا هۆشداری دا لە زیادبوونی "مەترسی"ی کەس و گرووپەکانی سەر بە رووسیا، سیخوڕەکانی چین، ئیسلامییەکانی سەر بە ئێران و نیۆنازییە تووندڕۆکان.
ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە کاتی پێشکێشکردنی راپۆرتەکەدا لە بەرلین رایگەیاند: "نەیارانی بنەما دیموکراسییە ئازادەکانمان، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وڵات هەن."
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا داوای لە حکومەت کرد خێرا دەسەڵاتی زیاتر بداتە دەزگا هەواڵگرییەکان و هەندێک لە کۆتوبەندەکان لەسەر ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان لابدات و گوتی: "بەهۆی ئەم دۆخەوە، باوەڕمان وایە کە دەبێت توانا و کاراییەکانمان بەهێزتر بکەین."
دۆبریندت ئاماژەی بەوە کرد کە "گەورەترین هەڕەشەی دەرەکی لەلایەن رووسیاوەیە"؛ گوتیشی، مۆسکۆ هەوڵی دامەزراندنی کەس و گرووپ دەدات بۆ ئەنجامدانی سیخوڕی و کاری تێکدەرانە لە ئەڵمانیا.
هاوکات سینان سێلێن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا گوتی: "رووسیا وەک نەیارێکی سەرەکی لە ئەورووپا سەیری ئەڵمانیا دەکات و هەموو ئامرازە جیاوازەکان لە ئۆپەراسیۆنە تێکەڵەکانی لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا بەکاردەهێنێت."
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە وڵاتە نەیارەکان ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانە، دەستوەردانی نایاسایی بواری ئابووری و سیاسی و بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە ئەنجام دەدەن و تەنانەت پەنا بۆ "کردەوەی تیرۆرکردن"یش دەبەن.
لە رووی نێوخۆییەوە، راپۆرتەکە دەڵێت گرووپە تووندڕەوە راستڕۆکان هێشتا مەترسییەکی زۆر گەورەن بەراورد بە تووندڕەوە چەپڕۆکان.
دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا دژایەتیکردنی جوو و ئیسرائیلی وەک یەکێک لە ئاڵەنگارییە سەرەکییەکانی بەردەم دەزگا ئەمنییەکان ناوبرد. سینان سێلێن گوتی: "ئامانجە جوو و ئیسرائیلییەکان لەژێر چاودێریی تووندی هەندێک دەوڵەتدان، بەتایبەتی ئێران، هەروەها رێکخراوەکانی دیکەش."




