رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی گەرمای کوشندە کە باڵی بەسەر نێوەڕاست و ناوچە کەنارییەکانی رۆژهەڵاتی ئەمریکادا کێشاوە، بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 19 کەس لە ویلایەتی نیوجێرزی. لە 10 رۆژی رابردوودا گەرمای ویلایەتەکە 40 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە.
راینارد واشنتن، کۆمیسیاری تەندروستیی نیوجێرزی، دەڵێ: "تاوەکو ئێستا گومان دەکرێ 19 کەس لە سەرانسەری ویلایەتەکەماندا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدابێت."
ئەو بەرپرسە روونیکردەوە کە هۆکاری سەرەکیی مردنی ئەو کەسانە نەبوونی ئامێری فێنککەرەوە بووە و گوتی: "بەداخەوە زۆربەی ئەو کەسانە لەنێو ماڵەکانیاندا دۆزراونەتەوە کە ئامێری فێنککەرەوەیان نەبووە. هەندێکی دیکەشیان لە دەرەوەی ماڵ، لەسەر شەقامەکان و تەنانەت هەندێکیشیان لەنێو ئۆتۆمبێلی وەستاودا گیانیان لەدەستداوە."
هۆشداریی تووند بە 160 ملیۆن کەس دراوە
بەپێی دەستەی کەشوهەوای نیشتمانیی ئەمریکا، لە کاتی پشووەکانی رۆژی سەربەخۆیی و کۆتایی هەفتەدا نزیکەی 160 ملیۆن ئەمریکی کەوتبوونە ژێر زەنگی هۆشداریی گەرمایەکی زۆر سەخت و مەترسیدارەوە.
بەرپرسان داوا لە خەڵک دەکەن لە ماڵەوە بمێننەوە، ئاگایان لە دراوسێکانیان بێت، ئاوی زیاتر لە کاتی ئاساییدا بخۆنەوە و ئەگەر لە ماڵەوە ئامێری فێنککەرەوەیان نییە، پەنا بۆ شوێنە فێنکەکان ببەن.
مایک شێریڵ، حاکمی نیوجێرزی هۆشداریی دایە دانیشتووانی ویلایەتەکەی و گوتی: "ئەم کەشوهەوایە زۆر سەخت و مەترسیدارە... ئەمە گەرمترین شەپۆلە کە لە 14 ساڵی رابردوودا بینیبێتمان."
زانایان دەڵێن زۆربوون، درێژەکێشان و بەهێزبوونی شەپۆلەکانی گەرما نیشانەیەکی زۆر روونی گۆڕانی کەشوهەوایە کە بەم دواییانە ئەورووپاش بە سەختی بەدەستییەوە ناڵاندی. هۆکاری ئەم گەرمایە کوشندەیەی ئەم هەفتەیەی ئەمریکاش، دیاردەیەکە پێی دەگوترێ "گومبەزی گەرمی" کە تێیدا پەستانی بەرزی هەوا وەک سەری مەنجەڵێک، هەوا گەرمەکە لەسەر ناوچەکە قەتیس دەکات و ناهێڵێت بڕوات.



