رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە، پەیوەندی بە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) کردووە بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارە "ترسناکەی" کە تێیدا کارتی سوور درابووە فۆلارین بالۆگن، ئەستێرەی هێرشبەری ئەمریکا، بەڵام گوتی داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی نەکردووە.
رۆژی دووشەممە 06-07-2026 ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "من داوای پێداچوونەوەم کرد چونکە پێموابوو ئەوە فاوڵ نەبوو. تەنیا داوای پێداچوونەوەم کرد، نەمگوت دەبێت ئەمە بکەن." ترەمپ گوتیشی، رووداوەکە تەنیا پێکدادانی ئاسایی دوو یاریزان بووە بە خێراییەکی زۆرەوە و بە هیچ شێوەیەک سەرپێچیی یاسایی نەبووە.
سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووندی کردە سەر رافایل کلاوس، ناوبژیوانی بەڕازیلی کە بڕیارەکەی دابوو، ترەمپ گوتی، "ئەگەر سەیری رابردووی ناوبژیوانەکە بکەیت، کەمێک گوماناوییە."
بڕیاربوو بالۆگن لە یاریی رۆژی دووشەممەی قۆناخی 16 بەرامبەر بەلجیکا بێبەش بێت، دوای ئەوەی لە یاریی قۆناخی 32 بەرامبەر بۆسنە (کە ئەمریکا 2-0 بردییەوە)، بە تووندی پێی خستە سەر پێی بەرگریکارێکی بۆسنە، ناوبژیوانە گەڕایەوە ڤار و کارتێکی سووری راستەوخۆی پێدا.
بەپێی یاساکانی فیفا، کارتی سووری راستەوخۆ دەبێتە هۆی سڕکردنی یاریزانەکە بۆ یەک یاری و ناتوانرێت لەلایەن یانەکە یان وڵاتەکەیەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بەڵام دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ، فیفا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، سڕکردنەکەی بۆ ماوەی ساڵێک هەڵپەسێردراوە.
ترەمپ لە لێدوانەکەیدا بۆ یارییەکەی ئەمریکا بەرامبەر بەلجیکا گوتی، "ئێمە تیمێکی تەواومان دەبێت، بەلجیکاش تیمێکی تەواوی دەبێت. ئەگەر ئەوان لە ئێمەیان بردەوە، دەتوانن شانازیی پێوە بکەن."
ترەمپ هەروەها گوتی، "ئەگەر ئەوان لە ئێمەیان بردەوە، من دەڵێم یارییەکە ساختەکراوە، رێک وەک ئەوەی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020 ساختە کرا."



