رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، نزیکەی 4,800 کارمەندی خۆی (کە دەکاتە 2.1٪ـی کۆی گشتیی هێزی کاری لە جیهاندا) لادەبات، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی بەرفراوانی رێکخستنەوەدا کە زۆربەی لە کەرتی یارییەکانی ئێکس بۆکسدا (Xbox) چڕبووەتەوە.
ئەم کەمکردنەوەیە گەورەترین چاکسازییە لە مێژووی کەرتی ئێکس بۆکسدا، بە شێوەیەک کە نزیکەی 3,200 هەلی کار لە بواری یارییەکاندا لە ساڵی دارایی داهاتوودا کەمدەکرێنەوە، چوار ستۆدیۆی یاری جیا دەکرێنەوە یان دەفرۆشرێن و ستۆدیۆی پێنجەمیش دەخرێتە ژێر پرۆسەی پێداچوونەوەوە کە رەنگە ببێتە هۆی داخستنی.
ئەم بڕیارە هاوتەریبە لەگەڵ شەپۆلێکی بەرفراوانی دەرکردنی کارمەندان لە کەرتی تەکنەلۆژیادا، لە کاتێکدا مایکرۆسۆفت خەرجییەکی زۆر بۆ ژێرخانی ژیریی دەستکرد (AI) تەرخان دەکات.
خەرجییە مێژووییەکانی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا بۆ ژیریی دەستکرد، کە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە 700 ملیار دۆلار تێپەڕێت، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر کۆمپانیاکان بۆ نیشاندانی دەستکەوتی ئابووری لەم تەکنەلۆژیایەدا. کۆمپانیاکانی وەک ئەمازۆن و مێتاش لەمساڵدا هەزاران کارمەندیان دەرکردووە.
راگەیاندنی ئەم بڕیارەی مایکرۆسۆفت دوای قۆناخێکی سەخت دێت کە تێیدا پشکەکانی کۆمپانیاکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا بە نزیکەی 23٪ دابەزینیان بەخۆیانەوە بینی، کە ئەمەش خراپترین ئاستی نیوەی یەکەمی ساڵە لەو کۆمپانیایەدا لە دوای ساڵی 2022ـەوە.
بەرزبوونەوەی داواکاری بۆ ژیریی دەستکرد بووەتە هۆی گەشەکردنی کەرتی خزمەتگوزاریی هەوریی (Azure)ـی مایکرۆسۆفت، کە تاوەکو مانگی نیسانی رابردوو فرۆشیاری تایبەتی مۆدێلەکانی کۆمپانیای (OpenAI) بوو، بەڵام تێچووی بەرزی دروستکردنی ناوەندی داتاکان بووەتە هۆی گوشار لەسەر داهاتی نەختینەیی کۆمپانیاکە.
مایکرۆسۆفت لە مانگی نیساندا پێشبینی فرۆشی زیاتری بۆ Azure کردبوو، بەڵام هاوکات پێشبینی خەرجیی 190 ملیار دۆلاری بۆ ساڵی 2026 راگەیاندبوو کە زۆر لە پێشبینییەکان زیاتر بوو.
هاوكات، بەرزبوونەوەی نرخی چیپەکان بەهۆی داواکاریی زۆری سەنتەری داتاکانەوە، مایکرۆسۆفتی ناچار کردووە نرخی کۆنسۆڵی ئێکس بۆکس بەرز بکاتەوە لە کاتێکدا داواکاری لەسەر ئامێرەکە پێشتریش لاواز بوو.
ئاشا شارما، سەرۆکی نوێی کەرتی یارییەکان، مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، کەرتی یارییەکان پێویستی بە سەرلەنوێ رێکخستنەوە هەیە، دوای ئەوەی قازانجی کەرتی یارییەکان بۆ 3٪ دابەزیبوو.
شارما لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ کارمەندان نووسیبووی: "لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 20 ملیار دۆلارمان لە کەرتی ناوەڕۆک، پلاتفۆرم و پاڵپشتیی رەقەکاڵادا [هاردوێر] وەبەرهێناوە، بەڵام داهاتی ساڵانەمان لەو ماوەیەدا بە رێژەی نزیکەی نیو ملیار دۆلار دابەزیوە. لە داهاتوودا ئەم دۆخە ناکرێ بەردەوام بێت."
کۆمپانیاکە ئێستا بیر لە چەندین بژاردە دەکاتەوە بۆ ئێکس بۆکس، لەوانەش ئەگەری جیاکردنەوەی تەواو یان رێکخستنەوەی وەک کۆمپانیایەکی لاوەکیی تەواو سەربەخۆ.



