رووداو دیجیتاڵ
دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی پاکستان لێکۆڵینەوە لە باندێک دەکات کە گوایە "وێڵاش" واتە ئەو پارچە گۆشتەی لە کاتی منداڵبووندا لەگەڵ منداڵ دێتە دەرەوە، لە نەخۆشخانەکان دەبەن بۆ ئەوەی بە بڕوای خۆیان دەرزیی "دژە پیربوون" و گەنجبوونەوەی لێ دروست بکەن. لە رووی زانستییەوە، ئەمە هیچ بنەمایەکی بەهێزی نییە.
هەفتەی رابردوو، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵێک لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان کە کرابووە کارگەیەک بۆ وشککردنەوەی وێڵاش. لەوێ 500 کیلۆگرام وێڵاشی مرۆڤ دەستی بەسەردا گیرا و 5 کەسیش دەستگیرکران.
لە 1ی تەممووزیش لە فڕۆکەخانەی شارەکە دەست بەسەر 100 کیلۆگرام وێڵاشدا گیرا کە باندەکە دەیانویست بیبەن بۆ ڤیێتنام.
ئەم بازرگانییە چۆن کراوە؟
ئەندامانی باندەکە هەر پارچەیەک وێڵاشیان بە بڕێکی پارەیەکی زۆر کەم کە دەکاتە نزیکەی 3 دۆلار و نیو لە نەخۆشخانەکان کڕیوە. مانگانە نزیکەی 200 کیلۆگرام وێڵاشیان کۆکردووەتەوە، وشکیان کردووەتەوە و هەناردەی دەرەوەیان کردووە تاوەکو بکرێتە "دەرزیی گەنجبوونەوە".
نرخی هەر دەرزییەک کە لەو وێڵاشە دروست دەکرێ، دەگاتە 700 هەزار رووپیەی پاکستانی، واتە زیاتر لە 2 هەزار و 500 دۆلار.
قسەی گومانلێکراوەکان
سەرەتا دەستگیرکراوەکان راستیان نەگوتووە و گوتوویانە وێڵاشی مەڕە، بەڵام دواتر لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدانا کە هی مرۆڤە.
ئێستا پۆلیس لێکۆڵینەوە لە کارمەندانی فڕۆکەخانە، کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە و کارمەندانی نەخۆشخانەکانیش دەکات بزانێت کێ هاوکاریی ئەم باندەی کردووە.
بۆچی وێڵاش بەکاردەهێنن؟
هەندێک کەس پێیان وایە وێڵاش دەوڵەمەندە بە پرۆتین، ئاسن و چەوری، بۆیە دەیکەنە حەب و دەرزی بەو هیوایەی خانەکانی جەستە نوێ بکاتەوە و رێگری لە پیربوون بکات.
بەڵام سەدەف تاریق، پزیشکی ژنان دەڵێ، وێڵاش پاشماوەیەکی پزیشکیی "زۆر مەترسیدارە" و دەتوانێت نەخۆشی بگوازێتەوە، بۆیە یاسای تووند هەیە بۆ شێوازی فڕێدانی.
لە پاکستان، بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە قەدەخەیە و سزاکەی دەگاتە 10 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی ماڵی.



