رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی رۆژهەڵاتی چین سزای لەسێدارەدانی بۆ یانگ یولین، بەرپرسی پێشووی شاری نانجینگ دەرکرد، دوای ئەوەی بە وەرگرتنی زیاتر لە 2.2 ملیار یوانی چینی (325 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) بەرتیل لە سێ دەیەی کارکردنیدا بە تاوانبار ناسێندرا.
دادگەی هەرێمی چانگژۆی چین سزای لەسێدارەدانی بۆ یانگ یولینی تەمەن 69 ساڵ دەرکرد. یولین لە ساڵی 1993 بۆ 2023 چەندین پۆستی لە شاری نانجینگ هەبووە.
قەبارەی گەندەڵییەکە
بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگەکە، یانگ یولین گەندەڵی، خراپبەکارهێنانی دەسەڵات، سپیکردنەوەی پارە، وەرگرتنی بەرتیل و بەهەدەردانی سامانی گشتی بەسەردا ساخبووەتەوە.
یولین دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ یارمەتیدانی کەس و کۆمپانیاکان لە "بەدەستهێنانی گرێبەستی پڕۆژە ئەندازیارییەکان، مامەڵەی زەوی و دابینکردنی سەرمایە" بەکارهێناوە و لە بەرامبەردا پارە و کاڵای گرانبەهای وەرگرتووە.
دادگاکە ئاماژەی بەوە کردووە، تاوانەکانی ئەو بەرپرسە پێشووە "زۆر مەترسیدار بوون" و زیانی زۆر گەورەیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵات گەیاندووە.
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەم بەرپرسە پێشووەی چین وەک بەشێک لە هەڵمەتە درێژخایەنەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ناودەبرێ، کە چەند ساڵێکە هەزاران کەسی لە وڵاتەکەدا گرتووەتەوە.
سزای تووند بۆ تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ئابووری
سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو تاوانانەی پەیوەندییان بە ئابوورییەوە هەیە لە چیندا کەمە، بەڵام کاتێک قەبارەی گەندەڵییەکە لە یەک ملیار یوان (147 ملیۆن دۆلار) تێپەڕ دەکات، دادگاکان پەنا بۆ ئەو سزایە دەبەن.
بۆ نموونە، لە ساڵی 2021دا لای شیاومین، بەرپرسی پێشووی دارایی لە پارتی کۆمۆنیستی چین بەهۆی وەرگرتنی 1.8 ملیار یوان بەرتیل لەسێدارەدرا؛ هەروەها لە ساڵی 2024دا لی جیانپینگ، بەرپرسی پێشوو لە هەرێمی مەنگۆلیای چین بەهۆی گەندەڵی و وەرگرتنی سێ ملیار یوان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێکرا.
هەڵوێستی یانگ و بڕیاری کۆتایی
دادگا ئاماژەی بەوە کرد، یانگ یولین لە کاتی دانیشتنەکاندا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و "پەشیمانیی خۆی دەربڕیوە". هەرچەندە ئەو بەرپرسەی پێشوو یارمەتیی دەسەڵاتدارانی داوە لە لێکۆڵینەوەکاندا، بەڵام دادگای چانگژۆ رایگەیاند کە "تاوانەکانی هێندە قورسن کە یارمەتیدانەکەی بەس نەبوو بۆ سووککردنی سزاکەی."
بڕیارە هەموو سەروەت و سامانە تایبەتییەکانی یانگ یولین دەستی بەسەردا بگیرێ و دەسەڵاتداران هەوڵی گێڕانەوەی تەواوی ئەو 2.2 ملیار یوانە دەدەن کە وەک بەرتیل وەریگرتووە.




