رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تێهەڵچوونەوەی پاریس بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی (کارمەندانی پەرلەمانی ئەورووپا) دا و سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر مارین لوپێن، سەرۆکی فراکسیۆنی رابوونی نیشتمانی دا سەپاند، بەڵام مافی خۆبەربژێرکردنی بۆ سەرۆکایەتی فەرەنسا لێ زەوت نەکرد.
سزاکەی دادگە سێ ساڵ زیندانیکردنە، بەڵام تەنیا یەک ساڵی بە "کردەیی" جێبەجێ دەکرێ. ئەو ساڵەیش لوپێن ناچێتە زیندان، بەڵکو لە ماڵەکەیدا دەبێت و "بازنی ئەلیکترۆنی" دەکرێتە دەستی یان پێی. ئەم ئامێرە لە رێگەی مانگی دەستکردەوە چاودێریی جووڵەکانی دەکات و رێگەی پێنادات لەو سنوورە بچێتە دەرەوە کە دادوەر بۆی دیاری کردووە. دوو ساڵەکەی دیکەی سزاکەی بە شێوەی "هەڵپەسێردراو" دەبێت و جێبەجێ ناکرێ، ئەگەر لەو ماوەیەدا تاوانێکی دیکە ئەنجام نەدات.
لە رووی یاساییەوە، لوپێن دەتوانێت ببێتە بەربژێری سەرۆکایەتی، چونکە دادگە سزای 45 مانگ بێبەشکردنی لە مافی خۆبەربژێرکردن بۆ دیاری کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکەم بڕیاری دادگا لە ساڵی 2025 بوو، سزاکەی لەو کاتەوە بۆ هەژمار دەکرێت.
کێشە سەرەکییەکەی لوپێن ئێستا لەگەڵ "بازنە ئەلیکترۆنییەکە"یە، چونکە کێشە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی دروست دەبێ.
لوپێن ئاماژەی بەوە کردووە کە بەربژێربوونی بەو مەرجەی بۆ هەر چوونە بانگەشەیەک پێویستی بە رەزامەندیی دادوەر بێت، کارێکی ئەستەمە.
تۆمەتی ئاراستەکراوی لوپێن و پارتەکەی ئەوە بوو کە لە ساڵی 2004 بۆ 2016، بڕی 3.2 ملیۆن یۆرۆی پەرلەمانی ئەورووپایان بۆ بەرژەوەندیی حیزبی بەکارهێناوە و مووچەی ئەو کارمەندانەیان پێ داوە کە لە ناوخۆی فەرەنسا کاریان بۆ حیزبەکە کردووە، نەک بۆ پەرلەمانی ئەورووپا.
بڕیارە ئەمشەو مارین لوپێن لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا بڕیاری کۆتایی بدات، بە جۆرێک خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەربژێر دەکات یان کێبڕکێکە بۆ جۆردن باردێلا جێدەهێڵێت کە ئەویش یەکێکە لە بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ سەرۆکایەتی داهاتووی فەرەنسا و ئێستا لە راپرسییەکاندا لە پێشەوەیە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا دەکرێ.



