رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، ئێران داوای بەردەوامیی گفتوگۆکانی کردووە، "بەڵام ئێمە پێمان گوتوون، ئاگربەست تەواو بووە."
رۆژی هەینی 10-07-2026 ترەمپ لە ترووس سۆشیال نووسی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای بەردەوامیی گفتوگۆکانی لێکردین. ئێمەش رازی بووین، بەڵام ئەمریکا زۆر بە روونی پێی گوتوون، ئاگربەست کۆتایی هاتووە."
"ئەگەر تیرۆر کرام، بۆردوومانیان بکەن"
هەر ئەمڕۆ هەینی، ترەمپ قسەی بۆ رۆژنامەی (نیویۆرک پۆست) کرد و گوتی، ئەگەر ئێران لە هەوڵەکانی بۆ تیرۆرکردنی سەرکەوتوو بێت پێشوەختە "رێنمایی و فەرمانی جێهێشتووە" و گوتی، تاران بە تەواوی باجێکی یەکجار قورس دەدات.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "من بۆ ماوەیەکی درێژە لە لیستی ئەواندام. رێنماییم جێهێشتووە ئەگەر هەر شتێک رووبدات، بە تووندی بۆردومانیان بکەن بە ئاستێک کە پێشتر لە مێژوودا هاوشێوەی نەبینرابێت."
کاتێک دەربارەی راپۆرتەکانی ئەم هەفتەیەی ئیسرائیل کە ئاماژەی بە دۆزینەوەی پیلانێکی تاران دەکرد بۆ کوشتنی سەرۆکی ئەمریکا پرسیاری لێکرا، ترەمپ رەتیکردەوە هیچ پلانێکی نوێی ئێران لە ئارادا بێت، بەڵکو گوتی تاران ساڵانێکە دەیەوێت ئەو بکوژێت. ترەمپ رایگەیاند: "نەخێر، ئیسرائیل هیچ شتێکی نوێی پێشکێش نەکرد. من بۆ ماوەیەکی درێژە [لە لیستی کوشتنی ئێراندا] ژمارە یەکم، ژیانیش بەم شێوەیەیە، هیوادارم بیرم بکەن."
بۆردوومانی ئەمریکا و ئێران
رۆژی چوارشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە، ترەمپ بە تووندی هێرشی کردە سەر سەرکردایەتیی تاران و گوتی: "پێموایە کۆتایی هاتووە. من چیدی نامەوێت مامەڵەیان لەگەڵ بکەم، ئەوان بێبەهان." دوای ئەم لێدوانانەی ترەمپ، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا 5٪ بەرزبووەوە.
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێرانییەکان بەم دواییانە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، گوتی: "ئەوان پیسن، خەڵکی نەخۆشن، لەلایەن خەڵکی نەخۆشەوە سەرکردایەتی دەکرێن، خەڵکێکی دڕندە و تووندوتیژن. ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبووایە، بەکاریان دەهێنا. لەڕوانگەی منەوە، ئاگربەست کۆتایی هاتووە."
ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ کە سەرپەرشتی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێرانییەکان دەکرد، قسە دەکات، بەڵام پێداگریی کرد گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆکان بە تەواوی لەسەر تاران خۆیەتی. ترەمپ گوتی: "بە بڕوای من، مامەڵەکردن لەگەڵیان تەنیا کات بەفیڕۆدانە. ئەوان درۆزنن."
سەرۆکی ئەمریکا ئێرانییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە چەندین جار ئەو رێککەوتنانەیان بە هەڵە پیشانداوە کە واشنتن و تاران لە ئاگربەستەکەی 17-06-2026 واژۆیان کردبوو.
ترەمپ گوتی: "هەمووان لەسەر ئەوە رێککەوتبووین کە نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئێمە رێککەوتن دەکەین، بەڵام ئەوان دەچنە دەرەوە و لەگەڵ میدیاکاندا گاڵتە دەکەن و دەڵێن ئێمە تەنانەت قسەشمان لەسەر نەکردووە. کێشەیەک لەواندا هەیە، ئەوان شێتن."
پێش ئەو قسانەی رۆژی چوارشەممەی ترەمپ، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە گەڕێکی نوێی هێرشەکاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان لە کەناراوەکانی ئێران بۆردومان کردووە.
دواتر سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە بەحرێن و کوێت چوار بنکەی ئەمریکایان مووشەکباران کردووە.
دەقی پۆستەکەی ترەمپ
کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای بەردەوامیی "گفتوگۆکان"ـی لێکردین. ئێمەش رازی بووین، بەڵام ئەمریکا زۆر بە روونی پێی گوتوون، ئاگربەست کۆتایی هاتووە.



