رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی زانیاریی دەریایی هاوبەش دەڵێت، رێڕۆی باشووری تەنگەی هورمز تەنیا رێگەی پارێزراوە بۆ کەشتییەکان و هۆشداری دەدات کە مەترسی لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە لووتکە.
رۆژی هەینی، 10ـی تەممووزی 2026، ناوەندی زانیاریی دەریایی هاوبەش، کە لەلایەن هێزە دەریاییە هاوبەشەکانی 47 وڵاتەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە ئاگادارییەکدا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ئاسایشی کەشتیوانی کەوتووەتە مەترسییەکی گەورەوە.
ناوەندەکە داوای لە هەموو کەشتییەکان کردووە، بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا تەنیا پشت بە رێڕەوی باشووری تەنگەکە ببەستن.
کەمبوونەوەی جووڵەی کەشتییەکان
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، سێنتکۆم لە رۆژانی 7 و 8ـی تەممووزی 2026، دوو شەپۆلی چڕی بۆردوومانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران ئەنجام دا، ئەوەش، وەک دۆناڵد ترەمپ گوتی، وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر سێ کەشتیی بازرگانی لە رۆژی 6ـی مانگدا. لە بەرامبەردا، ئێران بە بۆردوومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت، بەحرێن، قەتەر و ئوردن وەڵامی دایەوە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتیوانی وەک (کێپلەر)، رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووز، تەنیا 13 بۆ 25 کەشتیی بازرگانی لە تەنگەکە تێپەڕبوون.
رێڕەوی باشوور چییە؟
رێڕۆی باشوور بریتییە لە رێڕۆوێکی کەشتیوانیی نوێ لە تەنگەی هورمز و کەنداو کە بە نێو سنووری ئاویی عومان و بە درێژایی نیمچەدوورگەی (موسەندەم)دا تێدەپەڕێت. ئەم رێڕۆوە بە پشتگیریی راستەوخۆی سوپای ئەمریکایە تاوەکو کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە کەناراوەکانی ئێران و بنکە دەریاییەکانی سوپای پاسداران لە دوورگەکانی (ئەبوو مووسا) و (تونبی گەورە و بچووک) دوور بکەونەوە.
ئەم رێڕۆوە بە جۆرێک دیزاین کراوە، تەنانەت کەشتییە گەورەکانی گوێزەرەوەی نەوت دەتوانن بە ئاسانی و بە دوو ئاراستەی جیاواز تێیدا بجووڵێن. هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا چەتری پاراستنیان بۆ ئەم رێڕەوە دابین کردووە و بە فڕۆکەی چاودێری و کەشتیی جەنگی پاسەوانی دەکەن.
سێنتکۆم دەڵێت، لە مانگی ئایارەوە هێزەکانی ئەمریکا کارئاسانییان بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتیی زیاتر لە 800 کەشتیی بازرگانی و 380 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە رێڕەو ئاوییەکەدا کردووە.
کێشەی سەرەکی لێرەدا ناکۆکییە یاسایی و سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تارانە. ئەمریکا و عومان ئەم رێڕۆوە وەک رێڕۆوێکی نێودەوڵەتیی کراوە دەبینن، بەڵام ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت تەواوی تەنگەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەودا بێت و هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە رێڕەوەکاندا بێ رەزامەندیی تاران، بە "نایاسایی" و پێشێلکردنی سەروەریی خۆی دەزانێت.



