رووداو دیجیتاڵ
دەیان ملیۆن ساڵ پێش دەرکەوتنی دایناسۆرەکان، لە سەردەمێکدا کە ژیان لەسەر زەوی هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدا بوو، بوونەوەرە سەیرەکان لە قووڵایی دەریاکاندا جووڵاون و زاوزێیان کردووە، ئەمەش ملیۆنان ساڵ پێش ئەو کاتەیە کە پێشتر زانایان دیارییان کردبوو.
ئەمە پوختەی ئەو دۆزینەوەیەیە کە لە رێگەی کۆمەڵەیەکی دەگمەنی بەبەردبووەکانەوە ئاشکرا بووە. تەمەنی ئەم بە بەردبووانە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 567 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر و لە چیاکانی ماکێنزی لە باکووری رۆژئاوای کەنەدا دۆزراونەتەوە، کە رەنگە زانایان ناچار بکات پێداچوونەوە بە کاتی دەرکەوتنی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ژیانی ئاژەڵدا بکەن.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری (Science Advances) بڵاوکراوەتەوە، توێژەران زیاتر لە 100 بەبەردبوویان دۆزیوەتەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ئیدیاکاران (Ediacaran)، لە نێویاندا شەش کۆمەڵەی بوونەوەر هەن، کە پێشتر لە ئەمریکای باکوور تۆمار نەکراون.
ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو ئاژەڵانەی خاوەنی تایبەتمەندیی پێشکەوتوو بوون، لە نێویاندا توانای جووڵە، زۆربوون و شێوەی جەستەی ئاڵۆزتر، 5 بۆ 10 ملیۆن ساڵ پێش ئەو کاتە هەبوون کە بەبەردبووە هاوشێوەکانی پێشتر ئاماژەیان پێ دابوو.

ئەگەر مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە، جیهانێکی وا نابینێت کە لە زەویی ئێستا بچێت. ئاژەڵە قەپاخدار و ئێسکدارەکان، ماسی، خشۆک و شیردەرەکان هێشتا دەرنەکەوتبوون، بەڵکو دەریاکان نیشتمانی بوونەوەرە نەرم و نامۆکان بوون، کە هەندێکیان لە گەڵای دار دەچوون و هەندێکی دیکەیان جەستەی لوولەییان هەبووە.
ئەو بەبەردبووانەی دۆزراونەتەوە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ئیدیاکاران (نێوان 635 بۆ 541 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر)، کە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەی پێش (تەقینەوەی کامبری) بوو، کە تێیدا ژیانی ئاژەڵی هەمەچەشنییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی.
لە نێو ئەو بوونەوەرانەی دۆزراونەتەوە (دیکینسۆنیا) هەیە، کە بوونەوەرێکی تەخت بووە و توانای جووڵەی لە بنی دەریا هەبووە، هەروەها (فونیسیا) کە بوونەوەرێکی لوولەیی بووە و بە کۆمەڵ ژیاون، ئەمەش کۆنترین بەڵگەی ناسراوی پرۆسەی زاوزێ نیشان دەدات. بوونەوەرێکی دیکە بەناوی (کیمبرێلا) دۆزراوەتەوە کە گرنگییەکی زۆری لای زانایان هەیە بەهۆی تایبەتمەندییەکانی جەستەی و پەیوەندیی بە قۆناخە سەرەتاییەکانی پەرەسەندنی ئاژەڵانەوە.
پێدەچێت فونیسیا لە رێگەی دەردانی خانەی زاوزێ بۆ نێو ئاوەکە زۆر بووبێت، بە شێوازێک کە هاوشێوەی پرۆسەی زۆربوونی هەندێک جۆری مەرجانی ئێستایە.

یەکێکی دیکە لە سوپرایزەکانی ئەم دۆزینەوەیە، شوێنی ژیانی ئەم بوونەوەرانەیە. پێشتر زۆرێک لە بەبەردبووە ناسراوەکانی سەردەمی ئیدیاکاران لە ژینگەی دەریایی تەنکدا دۆزرابوونەوە، ئەمەش وایکردبوو زانایان پێیان وابێت پەرەسەندنی ئاژەڵە ئاڵۆزەکان پەیوەستە بەو ناوچانەوە. بەڵام شیکردنەوەی بەرد و نیشتووەکانی چیاکانی ماکێنزی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بوونەوەرە نوێیانە لە ئاوی قووڵتردا ژیاون.
ئەمەش دەرگایەکی نوێ دەکاتەوە: رەنگە قووڵایی زەریاکان، بەهۆی ژینگە جێگیرەکەیانەوە، رۆڵێکی گەورەتریان هەبووبێت لە قۆناخەکانی سەرەتای پەرەسەندنی ژیانی ئاژەڵی ئاڵۆزدا وەک لەوەی پێشتر بیری لێ دەکرایەوە.
بۆ زانایان، جیاوازیی 5 بۆ 10 ملیۆن ساڵ رەنگە لە مێژووی 4.5 ملیار ساڵەی زەویدا کەم بێت، بەڵام لە رووی لێکۆڵینەوەی پەرەسەندنەوە ماوەیەکی زۆر گەورەیە. ئەم بەبەردبووە کەنەدییانە تەنیا بوونەوەری تەمەن 567 ملیۆن ساڵ ئاشکرا ناکەن، بەڵکو وەڵامی یەکێک لە گەورەترین پرسیارەکانی مێژووی ژیان دەدەنەوە: کەی ئاژەڵەکان دەستیان بە جووڵە و زۆربوون و گەشەپێدانی جەستە ئاڵۆزەکانیان کرد کە لە کۆتاییدا بوونە هۆی ئەو هەمەچەشنییەی ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەیبینین؟
.jpeg&w=3840&q=75)


