رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا خەریکی ئامادەکارییە بۆ جێگیرکردنی ژمارەیەکی زیاتری سەربازانی کۆریای باکوور لەسەر خاکەکەی و بڕێکی دیکەی مووشەکی بالیستیشی لە پیۆنگیانگەوە پێگەیشتووە. دەشڵێت: "مۆسکۆ بەبێ کۆریای باکوور ناتوانێت درێژە بە شەڕ بدات."
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە گوتارێکدا هۆشداریدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە قووڵبوونەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ و رایگەیاند: "ئەمە یەکەمجارە رووسیا نەتوانێت بەبێ هاوکاریی کۆریای باکوور درێژە بە شەڕ بدات."
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد، سوپای رووسیا ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ جێگیرکردنی فەوجێکی دیکەی سەربازانی کۆریای باکوور لەسەر خاکەکەی و رایگەیاند: "مووشەکی بالیستی زیاتریشیان لە کۆریای باکوورەوە وەرگرتووە."
زیلینسکی، کە هیچ بەڵگەیەکی وردی لەسەر کاتی گەیشتنی مووشەکە نوێیەکان نەخستەڕوو، داوای لە ژاپۆن و کۆریای باشوور کرد هاوکاریی وڵاتەکەی بکەن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەش بکەن. هۆشداریشی دا کە هێزەکانی کۆریای باکوور لە رێگەی بەشداریکردن لەم جەنگەدا ئەزموونی مەترسیدار پەیدا دەکەن و دەبنە هەڕەشەیەکی گەورەتر بۆ سەر جیهان.
زیلینسکی کۆتایی هەفتەی رابردوو ئاشکرای کردبوو، بڕیار دراوە نزیکەی 30 هەزار بۆ 50 هەزار سەربازی کۆریای باکوور رەوانەی رووسیا بکرێن بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی مۆسکۆ.
پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات دوای حوزەیرانی 2024 و واژۆکردنی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش لە نێوان ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور، چووە قۆناخێکی نوێوە. مۆسکۆ پێشتریش سوودی لە سەربازانی پیۆنگیانگ وەرگرتبوو بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئۆکراینا لە ناوچەی "کورسک"ـی سەر سنوور.



.jpeg&w=3840&q=75)