رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینا، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەیەک هاووڵاتیی عێراقییان بە دیل گرتووە کە لە ریزەکانی سوپای رووسیادا دژی ئۆکراینا شەڕیان کردووە.
ئۆلێگ گوشچین، بەرپرسی بارەگای هەماهەنگی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیلانی جەنگ لە ئۆکراینا، بە رووداوی گوت: "بەڵێ، شەڕکەری عێراقی لەنێو هێزە چەکدارەکانی رووسیادا هەن و ژمارەیەکمان لێیان دەستگیر کردوون."
گوشچین گوتیشی، وەک دیلی جەنگ مامەڵە لەگەڵ ئەو عێراقییانە و دیلەکانی دیکەش دەکەن و "هیچ کامێکیان بە بەکرێگیراو دانانرێن."
سەبارەت بە ژمارەی دیلە عێراقییەکان، بەرپرسە ئۆکراینییەکە گوتی، "تاکە شت کە ناتوانم بە وردی پێت بڵێم، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەیە، ئەوەش لەبەر رێوشوێنی ئەمنی و پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات."
بە گوتەی ئۆلێگ گوشچین، رێگە بە بەرپرسانی عێراق دراوە پەیوەندی بە هاووڵاتییە دیلەکانیانەوە بکەن، بەڵام روونی نەکردەوە کە هیچ هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق دراوە یان نا.
ساڵی رابردوو، دادگەیەکی عێراقی لە پارێزگای نەجەف سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر پیاوێکدا سەپاند کە تۆمەتبار بوو بە ناردنی هاووڵاتییانی عێراق بۆ رووسیا بە مەبەستی شەڕکردن.
بەرپرسەکەی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش کرد کە دیلی 51 وڵاتی جیاوازیان لایە، ئەمەش بە گوتەی ئەو، دەریدەخات کە جەنگەکە رەهەندێکی نێودەوڵەتی و بازرگانی وەرگرتووە.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، دیلێکی پێشووی ئۆکراینی کە لەلایەن رووسیاوە ئازاد کرابوو، ئامادە بوو و رایگەیاند، لەلایەن هێزە رووسییەکانەوە رووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی توند بووەتەوە.
خوان ئەلبێرتۆ لەیڤا گارسیا، دیلی پێشووی جەنگ گوتی: "ناچاریان کردم پێڵاو و گۆرەوییەکانم دابکەنم، پێیان خستە نێو کیسەیەکی پڕ لە ئاو و وایەری کارەباییان خستە ناوی."
رووسیا تۆمەتی ئەشکەنجەدانی دیلەکانی جەنگ رەتدەکاتەوە.


.jpeg&w=3840&q=75)