رووداو دیجیتاڵ
دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، بەهۆی بەشدارییە زانستییەکانیان و کاریگەریی توێژینەوەکانیان، چوونە ناو لیستی ساڵانەی زانکۆی ستانفۆرد بۆ 2%ـی کاریگەرترین زانایانی جیهان.
سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، د. بۆتان جەودەت عەبدوڵڵا لە بەشی فیزیا و د. هاژە عومەر عوسمان لە بەشی کیمیا لە ریزبەندییە بەناوبانگەکەی زانکۆی ستانفۆرد دا جێیان گرتووە. ئەم لیستە کە بە هاوکاریی دەزگای بڵاوکردنەوەی "Elsevier" و بە بەکارهێنانی داتاکانی داتابەیسی "Scopus" ئامادە دەکرێت، کاریگەریی زانستیی دەیان ملیۆن توێژەر لە سەرانسەری جیهاندا هەڵدەسەنگێنێت.
د. بۆتان جەودەت، یەکێک لەو زانایانە، میوانی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە بایەخی ئەم دەستکەوتە و وردەکاریی توێژینەوەکانی کرد و گوتی، ئەو لە بواری "نانۆ زانست"دا کاردەکات، کە بە "نوێترین زانستی سەدە" ناودەبرێت.
د. بۆتان جەودەت گوتی: "لە سەرەتای کاری ئەکادیمیمەوە، من لە بواری نانۆ زانستدا کاردەکەم. وەک کورد، یەکەم کەس بووم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لەم بوارەدا توێژینەوەم کردووە".
د. بۆتان جەودەت، بۆ روونکردنەوەی تەکنەلۆژیای نانۆ نموونەی سادەی هێنایەوە و گوتی: "ئەو شاشانەی کە ئێستا لە بەردەستی ئێمەدان، بۆچی ئەوەندە تەنک بوونەتەوە؟ پێشتر زۆر ئەستوور بوون. چی وایکردووە ئەوەندە تەنک ببنەوە؟ زانستەکەی پشتەوەی، ئێمە پێی دەڵێین نانۆ زانست".
ئەمە یەکەم جارە مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدین بچێتە ناو ئەم لیستەوە، کە ئەمە بۆ زانکۆکە وەک رووداوێکی مێژوویی هەژمار دەکرێت. د. بۆتان جەودەت جەختی لەوە کردەوە، ئەم سەرکەوتنە تەنیا بۆ ئەو نییە، بەڵکو بۆ زانکۆی سەلاحەدین و هەرێمی کوردستان بەگشتی گرنگە.
د. جەودەت ئاماژەی بەوە کرد، گەیشتن بە ئاستی جیهانی هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و گوتی: "بێگومان، ئەگەر بتەوێت لەسەر جیهانیبوون کار بکەیت، دەبێت بۆی ماندوو بیت، دەبێت کاری بۆ بکەیت، دەبێت پلانت هەبێت.. لەگەڵ ئەوەشدا کە رەوشی ئێمە لە کوردستان لەبارنییە".
لیستی زانکۆی ستانفۆرد 22 بواری زانستیی سەرەکی و نزیکەی 170 ژێربواری ورد لەخۆدەگرێت. تەنیا 2%ـی زانا و توێژەرانی جیهان، دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد، دەچنە ناو ئەم لیستەوە.
لەبارەی سوودی ئەم دەستکەوتە بۆ ریزبەندیی زانکۆکە، د. بۆتان جەودەت گوتی: "ئەگەر بتوانین بە چەند پێوەرێک بەرەو جیهانیبوون بچین، زانکۆکەمان زیاتر بە خەڵک و بە جیهان دەناسرێت".
د. بۆتان جەودەت هیوای خواست کە ئەم سەرکەوتنە ببێتە هاندەرێک بۆ گەنجانی کورد کە روو لە زانستە نوێیەکان بکەن و لە بواری داهێناندا کار بکەن، بۆ ئەوەی ناوی کوردستان لە گۆڕەپانی زانستیی جیهاندا بەرزتر بکەنەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)

