رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی فەرەنسا دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هاووڵاتییەکی ئەڵمانی دەرکردووە کە گومانی ئەوەی لێ دەکرێ بە هەڵە خەڵکی کوشتبێ، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە پەڕینەوەی نایاسایی کۆچبەران بۆ بەریتانیا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی چەند دەزگایەکی راگەیاندن، گومان دەکرێ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەک لە رۆژئاوای ئەڵمانیا بە ناوی ماری بوتە یەکێک بێت لە دابینکەرە سەرەکییەکانی بەلەم بۆ قاچاخچییەکانی گواستنەوەی کۆچبەران بە نۆکەندی ئینگلیزدا.
ساموێل فینیێڵز، داواکاری گشتی لە شاری لیل لە باکووری فەرەنسا پشتڕاستی کردەوە کە پێنج کەس دەستگیرکراون و هاووڵاتییەکی ئەڵمانیش بۆ ماوەیەکی کورت لە وڵاتەکەی خۆی راگیراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردووەوە سەبارەت بە پەڕینەوەی کۆچبەران و نقومبوونی بەلەمەکان لە نۆکەندی ئینگلیز بەڕێوەدەچێت.
فینیێڵز گوتی، ئەو پێنج کەسە گومانلێکراون بە ئەنجامدانی تاوانێک کە بریتییە لە هاوکاریکردنی کۆچبەران، کوشتنی خەڵکی بەهەڵە، بریندارکردنی خەڵکی بەهەڵە و خستنە مەترسیی ژیانی کەسانی دیکەوە.
بەپێی لێکۆڵەرە فەرەنسییەکان، لە دوو ساڵی رابردوودا لانیکەم 82 بەلەمی کۆمپانیاکە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.
دۆسیەکانی کەیسەکە دەریدەخەن، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا زانیویانە کە 29%ـی پەڕینەوەکانی بەلەمە بچووکەکان لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2026ـدا بەلەم یان ماتۆڕی کۆمپانیاکە بوون. پەیوەندیدار بەم کەیسەیشەوە، پێنج کەس لە فەرەنسا بە تۆمەتی بەشدارییان لە دابینکردنی بەلەمەکان دەستگیرکراون کە لە ئێرانییەک، سێ عێراقی و سووریاییەک پێک دێن.
داواکاری گشتیی لیل ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵاتدارانی شارەکە لە مانگی ئایاردا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ "هاووڵاتییە ئەڵمانییە تێوەگلاوەکەی ئەم کەیسە" دەرکرد، بە تایبەتی بە تۆمەتی کوشتن و خستنە مەترسیی ژیانی ئەوانی دیکە.
بە گوتەی داواکاری گشتیی لیل، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا گومانلێکراوەکەیان دەستگیرکرد و دواتر ئازادیان کرد و ئێستا پێویستە "پێش سەرەتای مانگی کانوونی دووەم" لە دادگەی لیل ئامادە بێت.
بی بی سی بڵاویکردووەتەوە کە رۆیتەر، کە تەمەنی 35 ساڵە، دژی رادەستکردنی بە فەرەنسا وەستاوەتەوە.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لانیکەم 25 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا گیانیان لەدەستداوە.


