رووداو دیجیتاڵ
خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی دەریایی ئیسپانیا دەڵێ، تەرمی هەشت تاوەکو 10 کۆچبەر لەنێو بەلەمێک لە کەناراوی دوورگەکانی کەناریی ئیسپانیا دۆزراوەتەوە. ئەم رووداوەش بەر لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی رۆژی یەکشەممە، پرسی کۆچبەرانی خستەوە بەر سەرنج.
دامەزراوەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شەش کۆچبەری دیکە کە برینەکانیان سەختە، بە هێلیکۆپتەر بۆ دوورگە بچووکەکەی ئێل هیێرۆ گوێزراونەتەوە، کە لە هەفتەکانی رابردوودا زیادبوونێکی بەرچاوی لە گەیشتنی کۆچبەراندا بەخۆیەوە بینیوە.
هەروەها 84 کۆچبەری دیکە کە منداڵێکیان لەنێودایە، رزگار کراون و گەیێندراونەتە بەندەری لا رێستینگا لە دوورگەی ئێل هیێرۆ.
بەپێی زانیارییەکان، ئەفسەران، کارمەندانی خاچی سوور و سەربازانی یەکەی وەڵامدانەوەی فریاگوزاریی ئیسپانیا هاوکاریی کۆچبەرانیان کردووە بۆ گەیشتنە وشکانی.
گەیشتنی ئەم کۆچبەرانە بەر لە هەڵبژاردنێک دێت کە تێیدا پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن، حکومەتەکەی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی سۆسیالیست بە شکستخواردن لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی وڵات تۆمەتبار دەکەن. پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەڵێن، سیاسەتە کراوەکەی سانچێز لەبارەی کۆچەوە، لەنێویاندا بەرنامەی پێدانی مافی مانەوەی بەکۆمەڵ، هانی هاتنی نایاسایی کۆچبەران بۆ ئیسپانیا دەدات.
ئەلبێرتۆ نونێز فێیخۆ، سەرۆکی پارتی گەلی ئۆپۆزیسیۆنی (پی پی) کە لە پێشەنگی راپرسییەکاندایە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "لەدەستدانی خەڵک لە دەریادا خراپترین ئەنجامی بێباکی و نابەرپرسیارێتیی ئەم حکومەتەیە؛" گوتیشی: "ئیسپانیا بەپەلە پێویستی بە سیاسەتێکی رێکخراوی کۆچە کە بتوانێت رێگری لە کارەساتی لەم شێوەیە بکات."
پەڕینەوەیەکی پڕ لە مەترسی
لە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا، سانتیاگۆ ئاباسکاڵ، سەرۆکی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی (ڤۆکس) سانچێزی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەستبەرداری بەشێک" لە خاکی ئیسپانیا، لەنێویاندا سێوتا و ئێل هیێرۆ" بووە.
زۆربەی راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پارتی گەل زۆرترین کورسی بەدەستدەهێنێت، بەڵام ناتوانێت زۆرینەی رەها مسۆگەر بکات، ئەمەش وا دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە پارتی (ڤۆکس)ـی دژە کۆچبەر بێت بە لانیکەمەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 15ـی تشرینی دووەم، 24,364 کەس گەیشتوونەتە دوورگەکانی کەناری، ئەوە لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی 2025ـدا 14,690 کۆچبەر گەیشتبوونە دوورگەکان. 11,037 کەس لەو کۆچبەرانەی ئەم ساڵ لە نێوان 1 بۆ 15ـی تشرینی دووەمدا گەیشتوون، ئەمەش وایکردووە دوورگەی ئێل هیێرۆ، کە بچووکترین دوورگەی نێو زەریای ئەتڵەسییە و نزیکەی 12,000 دانیشتووی هەیە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا باری لەناکاو رابگەیێنێت.
فێرناندۆ کلاڤیخۆ، سەرۆکی هەرێمی دوورگەکانی کەناری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داواکارییەکەی دووپاتکردەوە بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا (فرۆنتێکس). ئەو بەرپرسە داوای لە حکومەتی ناوەندی لە مەدرید و دەسەڵاتدارانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کرد "وەڵامێک بدەنەوە کە لەگەڵ بەپەلەیی" دۆخەکەدا بگونجێت بۆ "رزگارکردنی گیانی خەڵک"، لەنێویاندا لە رێگەی گرتنەبەری رێکار لە ئەفریقا.
سانچێز رۆژی چوارشەممە بە تەلەڤزیۆنی گشتیی وڵاتەکەی راگەیاند، حکومەت چەند هەفتەیەکە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سەنیگال و گامبیا کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دەکات بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو بەلەمانەی بەرەو دوورگەکان بەڕێدەکەون.
زیادکردنی گەڕان و چاودێرییە دەریاییەکان لە کەناراوەکانی سەنیگال، مۆریتانیا و مەغریب وایکردووە کۆچبەران لە ناوچەکانی دوورتر لە باشوورەوە، وەک گامبیا، گینێ بیساو و گینێ بەڕێبکەون، ئەمەش ماوەی پەڕینەوەکانی درێژتر کردووەتەوە. بە شێوەیەکی ئاسایی گەیشتنی کۆچبەران لەم وەرزەی پاییزدا زیاد دەکات، چونکە دۆخی دەریا بە درێژایی رێڕەوەکە بە گشتی ئارامترە و بۆ پەڕینەوە گونجاوترە.


