رووداو دیجیتاڵ
کافێیەکی کوردی لە باکووری یۆرکشایەری بەریتانیا نزمترین پلەی تەندروستی و پاکوخاوێنیی خۆراکی پێدراوە.
'کافێی سلێمانی' کە دەکەوێتە شارۆچکەی میدڵزبرە لە دوای ئەوەی مانگی ئاب پشکنینی بۆ کرابوو، ئەنجامەکەی ئاشکرا بوو و پلەی سفری وەرگرت.
میدیای بەریتانی دەڵێت، ئەم شوێنە، کە بەشێوەیەکی دیار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێتدا نییە، لە سەرووی دەروازەی چوونەژوورەوەی ریکلامی بۆ بیلیارد، چا و قاوە کردووە. بە کافێکە راگەیەندراوە کە پێویستی بە باشترکردنی "بەرچاو" هەیە لە مامەڵەکردنی تەندروستانە لەگەڵ خۆراکدا، کە ئامادەکردن، لێنان، گەرمکردنەوە، ساردکردنەوە و کۆگاکردنی خۆراک دەگرێتەوە.
لە هەمان کاتدا، پاکوخاوێنی و باری ئامێرەکان و شوێنەکە بەوە وەسف کراون کە پێویستیان بە باشترکردن هەیە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی هەواکێشی گونجاو، ئامڕازەکانی دەستشۆردن، کۆنترۆڵکردنی مێروو و ئاژەڵی زیانبەخش و نەخشەسازیی گونجاوی شوێنەکە، بۆ ئەوەی پاکوخاوێنییەکی باش فەراهەم بکرێت.
"پێویستی بە باشترکردنی بەرچاو هەیە" ئەو بڕیارە بوو کە درا بە بەڕێوەبردنی بەشی سەلامەتیی خۆراک. ئەمەش پەیوەندیدارە بە سیستم یان ئەو پشکنینانەی لە شوێنەکەدا هەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو خۆراکەی دەفرۆشرێت یان پێشکێش دەکرێت تەندروستە بۆ خواردن، لەگەڵ بەڵگەی ئەوەی کە ستافەکە زانیارییان لەسەر سەلامەتیی خۆراک هەیە و ئەفسەری پشکنەر دڵنیایی هەیە کە ستانداردەکانی پاکوخاوێکی لە داهاتووشدا دەپارێزرێن.
پلەبەندییەکانی ئاژانسی پێوەرەکانی خۆراکی بەریتانیا (Food Standards Agency) لە سفرەوە دەست پێدەکات و تاوەکو پێنج دەڕوات. سفر واتە "پێویستی بە باشترکردنی بەپەلە هەیە" و پێنج واتە "زۆر باشە". ئەنجوومەنی شاری میدڵزبرە بەرپرسە لە ئهنجامدانی پشکنین بۆ تەواوی شوێنەکانی خواردن لە شارەکەدا.
ئەو کۆمپانیایانەی نزمترین پلەی تەندروستیی خۆراک وەردەگرن، پێیان رادەگەیەنرێت کە دوای شەش مانگ پشکنینێکی ئاسایی دیکەیان بۆ دەکرێتەوە. بەڵام شوێنەکان دەتوانن داوای هەڵسەنگاندنەوەی زووتر بکەن لەم ماوەیە، ئەگەر تەواوی راسپاردەکانی باشترکردنیان ئەنجامدابێت و بەڵگەی پێویستیشیان بۆی هەبێت.
دوای ئەنجامدانی گۆڕانکارییە پێویستەکان، شوێنەکە دەتوانێت داوای هەڵسەنگاندنەوە بکات لە نێوان سێ بۆ شەش مانگ لە رێککەوتی پشکنینەکەوە. ئەمە هیچ تێچوویەکی نییە، بەڵام تەنیا یەک سەردانی بەخۆڕایی دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە شوێنکارێک دەتوانێت لە ماوەی سێ مانگی پشکنینەکەدا داوای هەڵسەنگاندنەوە بکات بەرامبەر تێچووی 195 پاوەند. ئەو سەردانە چاوەڕواننەکراوەی ئەنجام دەدرێت، دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکە، وەک خۆی بمێنێتەوە، یان دابەزێت (بەڵام ئەم بژاردەی کۆتاییە روونادات ئەگەر کافێکە پێشتر پلەی سفری وەرگرتبێت).
ئەو راپۆرتەی وردەکاریی کێشە تایبەتەکانی 'کافێی سلێمانی' و رێنماییەکانی پشکنەرەکەی تێدایە، لەم کاتەدا بۆ خەڵکی گشتی بەردەست نییە. گوتەبێژێکی ئەنجوومەنی شاری میدڵزبرە بۆ میدیای بەریتانی پشتڕاستی کردەوە کە شوێنەکە پشکنینی دووبارەی بۆ دەکرێتەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)


