رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پۆڵەندا کەسێکی بە تۆمەتی داڕشتنی پیلان بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "ئەو پیاوەی هەڕەشەی هێرشکردنی دەکرد، دەستگیرکرا." هاوکات ستایشی هێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ کاردانەوەی خێرا و پێشوەختەیان لە پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکە.
دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە دوای چەند کاژێرێک دێت لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا، کە ئاماژەی بە بوونی هەڕەشەی جیدی لە دژی سەرۆکوەزیران و ڤلادیسلاڤ کۆسینیاک-کامیش، وەزیری بەرگری کردبوو.
پۆلیسی پۆڵەندا پێش ئەوەی تۆمەتبارەکە بتوانێت هیچ هەنگاوێکی کرداری بنێت دەستبەسەری کردووە و لێکۆڵینەوەش بۆ ئاشکراکردنی پاڵنەرەکانی پشت ئەم هەوڵە دەستیپێکردووە.
پۆڵەندا وەک یەکێک لە ئەندامە دیارەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا، بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لەسەر سنوورەکانی، لە ماوەی رابردوودا رێوشوێنی ئەمنیی تووندی گرتووەتەبەر و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام هۆشداری دەدەن لە هەوڵی بەئامانجگرتنی دامەزراوە و سەرکردەکانیان.



.jpeg&w=3840&q=75)